شاندى سه‌رۆكایه‌تیی هەرێم له‌گه‌ڵ یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مریكا كۆبووه‌وه

واشنتن-KDP.info- شاندێکی سه‌رۆكایه‌تیی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مریكا بۆ كاروبارى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى كۆبووه‌وه.
شاندەکەی سه‌رۆكایه‌تیی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فه‌وزى هه‌ریرى، سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌ندامێتیی هەریەک لە فه‌لاح مسته‌فا، یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ كاروبارى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه و نیاز ساڵح مسته‌فا، به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه و دیپلۆماسى له سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان بوو.
ئەو شاندەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سێلست واڵنده‌ر، یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مریكا بۆ كاروبارى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى كۆبووە‌وه. کۆبوونەوەکە رۆژی دووشەممە، 05-02-2024، لە واشنتن کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوا هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى چاكسازى له وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه، پێشهاته‌كانى دۆخى ئه‌منى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پێویستیى هه‌ماهه‌نگیى به‌رده‌وامى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاڵنگارییه ئه‌منییه‌كان له چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنى ستراتیژیى عێراق ـ ئه‌مریكادا خرانه به‌رباس و بیروڕایان له‌باره‌وه ئاڵوگۆڕ كرا".
هاوکات، شه‌ڕى دژى داعش و ئه‌گه‌ر و لێكەو‌ته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست و دوا پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌یان بووە. ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.




