٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: لە ھەموو شوێنەکان تیممان ئامادەن و ڕێگە نادەن ئاستەنگی ھاتوچۆ دروست بێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_ بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تیمی ڕاماڵینی بەفر ئامادەن و لە ھیچ شوێنێک ڕێگە نادەن ئاستەنگی ھاتوچۆ دروستبێت، بۆیە ھیوادارین گەشتیار و خەڵکیش بەبێ ئاگاداری سەردانی ھەندێک ناوچە نەکەن کە تووشی گرفت ببن.

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر ئاگرین عەبدوڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی:  شەپۆڵێکی بەفر و باران ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، تیمەکانی ئێمەیش لە ئامادەباشی تەواودان و بەردەوامن لە ڕاماڵین و کردنەوەی ڕێگاکان لە ناوچەکانی مێرگەسۆر، سیدەکان، باڵەکایەتی، حاجی ئۆمەران و چۆمان، لە سنووری سلێمانیش لە شارباژێڕ و پێنجوێن بەردەوامن لە ڕاماڵینی بەفر، لە سنووری دھۆکیش لە ئامێدی و کانی ماسێ ئەو شوێنانەی بەفر گرتوویەتییەوە دەکرێنەوە، بۆیە ھەر ڕێگایەک بگیرێت لە ماوەیەکی کەمدا دەکرێتەوە و ڕێگە نەدراوە ئاستەنگ بۆ ھاتوچۆ دروست ببێت، بۆیە تیمەکان لە ئامادەباشی تەواودان و بودجەشمان بۆ دابین کردوون.

لەبارەی ژمارەی تیمەکانیش، دکتۆر ئاگرین عەبدوڵا گوتی: لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چوار تیم ھەن، لە ھەولێر دووتیم ھەیە و لە دھۆک زیاتر لە پێنج تیم ھەیە، لە سنووری سلێمانیش نزیکەی پێنج تیم ھەیە، تیمەکانمان و لەھەر شوێنک گرفت ھەبێت چارەی دەکەن.

دەشڵێت: بەداخەوە زۆر جار دوور لە ڕێنماییەکانی ئێمە گەشتیاران سەردانی ھەندێک شوێن دەکەن کە ئێمە ئاگادار نین، بۆ نموونە باس لە چوون بۆ چیای سەفین و گارە دەکەین، تا دۆخی کەشوهەوا ئاسایی نەبێتەوە نابێت ئەوان بەبێ ئاگاداری لایەنی پەیوەندیدار سەردان بکەن، ئەگەر نا گرفتیان بۆ دروست دەبێت، بۆیە پێویستە بەپێی ڕێنماییەکان سەردانەکان ئەنجام بدەن.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار