سەرۆکی حکوومەت زیاتر لە ١٨ ملیار دیناری بۆ پاراستنی شاری ھەولێر لە لافاو خەرج کرد

بەڕێوەبەری ئاودێری پارێزگای ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر خەرجکردنی زیاتر لە ھەژدە ملیار دینار بۆ پاراستنی شاری ھەولێر لە کاریگەرییەکانی لافاو، دەشڵێ: لەو پارەیە ١٩ پڕۆژەی ئاودێری جێبەجێ دەکرێن.
ڕێبوار کاکەیی، بەڕێوەبەری ئاودێری ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر خەرجکردنی ھەژدە ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ کەم کردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو لەسەر ھەولێر، لەو پارەیەش ١٦ ملیار دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری پارێزگای ھەولێر و دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆنیش بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر دەبێت ھەموویشی بۆ مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو بەکار دێت.
بەڕێوەبەری ئاودێری پارێزگای ھەولێر دەشڵێت: ئەو ١٦ ملیارەی بۆ بەڕێوەبەریەتییەکەی ئێمە دابین کراوە بۆ جێبەجێکردنی ١٩ پڕۆژەیە و بڕیارە دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان ئەو پڕۆژانە بخرێنە بواری تەندەر و دواتر جێبەجێ بکرێن بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو لەسەر شاری ھەولێر.
ڕێبوار کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەنجامدانی ئەو ١٩ پڕۆژەیە کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر چەند بوارێک، لەوانە کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاو و زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی و بەکارھێنانی بۆ ئاودێری و چەندین سوودی دیکەیش، بۆیە خەرجکردنی ئەو پارەیە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە ھەنگاوێکی گرینگە بۆ پاراستنی شاری ھەولێر.
قائید میرۆ




