٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاوەڕێ دەکرێت وەجبەی دیکەی نەوت لە بەغدا بێت و بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_ بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر گوتی: ئەو نەوتەی حکوومەتی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەکات وەجبەی یەکەمە و چاوەڕێی وەجبەی دووەم و سێیەمیش دەکەین بۆ ئەوەی ھەموو ھاووڵاتییان سوودمەندبن و نووسراویش بۆ بەغدا کراوە، پەرلەمانتارێکیش لە لیژنەی نەوت و غاز دەڵێت: ھەموو ھەوڵێک دەدەین ناردنی نەوت لە بەغدا بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ھەموو خێزانێک لە ھەرێمی کوردستان لەو نەوتە سودمەند بێت.

ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەوەی ئێستا بە فەرمیی بەدەست ئێمە  گەیشتووە ٥٠ملیۆن لیتر وەکو قۆناغی یەکەم نەوت بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت، باس لەوە دەکرێت قۆناغی دیکەشی بەدوادا دێت، چاوەڕێ دەکەین بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەو نەوتە سوودمەندبن، هەرچەندە ساڵانی ڕابردووش باسیان لە ناردنی وەجبەی زیاتر کردووە و نەیانناردووە، بەڵام ئەمساڵ کاتەکە ھێشتا زووە و دەتوانن ڕەوانەی بکەن و ئێمەش بەسەر ھاووڵاتییاندە دابەشی بکەین، چونکە ئێمە لە دابەشکردنی نەوت بەردەوامین، لە ھەریر و مەسیف و شەقڵاوە و ٩٠%ی ناوچە شاخاویەکان نەوت دابەشکراوە، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش بەردەوامە و لە کۆیەش دەستپێکراوە، لە کۆی ١٥ملیۆن و ٨٠٠ھەزار لیتر نزیکەی ١١ملیۆن لیترمان دابەشکردووە.

ئاری کاکەشین گوتیشی: نووسراو کراوە نەوتی دیکە بۆ ئێمە ڕەوانە بکرێت، نەک تەنیا نەوت بگرە غاز و بەنزینیش، چونکە ئێمە مافی خۆمانە ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە لە سووتەمەنی سوودمەندبین.

لای خۆیەوە دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازیش لەپەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ڕاستە ئەوەی ھاتووە بۆ ھەرێمی کوردستان بەشەکەی کەمە و بەشی ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان ناکات، بەڵام لەسەر خەتین و لە ھەوڵی بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی نەوتی زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت و ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان سوودمەندبن چونکە ئێمە سەرەتا لەسەر ڕەزامەندی ناردن و نرخەکەی  کارمان دەکرد و ئێستاش کار دەکەین بۆ ئەوەی بڕەکەی زیاتر بکرێت.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار