مانگی داھاتوو نەخۆشخانەی ئامێدی تەواو دەکرێت

بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای ئامێدی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی سەد تەختی ئامێدی بەرەو تەواوبوونە و پڕۆژەکە لە مانگی داھاتوو کۆتایی دێت، دەشڵێ: داوامان کردووە نەخۆشخانەیەکی دیکەی پەنجا تەختی لە ئامێدی دروست بکرێت.
د.ئیبراھیم دۆسکی، بەڕێوەبەری تەندروستی ئامێدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی سەد تەختی ئامێدی زۆربەی کارەکانی کۆتایی ھاتووە و بڕیارە لە مانگی ئاداری داھاتوو تەواو بکرێت، تەنیا دابینکردنی ئامێر و ستافی نەخۆشخانە دەمینێتەوە، داوامان لە حکوومەت کردووە ٣٠٠ کارمەند بۆ نەخۆشخانەی نوێی ئامێدی دابین بکات لەگەڵ ئامێر و کەلوپەلی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکە.
بەڕێوەبەری تەندروستی ئامێدی گوتیشی: داوامان کردووە نەخۆشخانەیەکی دیکەی پەنجا تەختی لە نێوان شارەدێی قەدش و سەرسەنگ دروست بکرێت، چونکە سنوورێکی بەرفراوانی ھەیە و پێویستمان بە نەخۆشخانەی دیکە ھەیە، دروستکردنی نەخۆشخانەی نوێ خراوەتە نێو پڕۆژەکانی دەڤەری ئامێدی و چاوەڕێی ڕەزامەندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانین.
د.ئیبراھیم دۆسکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بە تەواوبوون و دەستبەکاربوونی نەخۆشخانەی سەد تەختی ئامێدی کەرتی تەندروستی دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی سنووری ئامێدی لە خزمەتگوزاری تەندروستی سوودمەند دەبن.
قائید میرۆ




