مونا قەھوەچی: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی ئومێدبەخشە

سکرتێری پێشووی پەرلەمانی کوردستان پێی وایە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی ئومێدبەخشە بۆ قۆناغی ئێستای ھەرێمی کوردستان و دەڵێ: لێک تێگەیشتن و پێکەوە کارکردن بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێم و پرۆسەی ھەڵبژاردن کاریگەری ھەیە لەسەر پرۆسەی سیاسی.
مونا قەھوەچی، سکرتێری پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: تا ئەمڕۆ ئەوەندە گەشبین نەبووم بە پرۆسەی ھەڵبژاردن و ڕەوشی سیاسی ھەرێمی کوردستان، بەڵام کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی ھەنگاوێکی زۆر گرینگ بوو، چونکە قۆناغی ئێستای ھەرێمی کوردستان پێویستی بە لێک تێگەیشتن و پێکەوە کارکردن ھەیە، بەتایبەتی کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ جەخت لەسەر پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان کرایەوە.
سکرتێری پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێ: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەکێتی ئومێدێکی پەیداکردووە بۆ پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردن، چونکە ئەوە دەبێتە ھۆکار تا سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش فەرمانی ھەرێمیی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردن دەربکات.
لەبارەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی مونا قەھوەچی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەمڕۆ دادگا یەکلاکردنەوەی سکاڵاکانی دواخست بۆ ڕۆژی ١١ی مانگ ئەوەیش ھەنگاوێکی باشە ئێمە وەک پێکھاتەکان چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەکەین، بەڵام ھەندێ ڕێکار گیراوەتە بەر لەگەڵ کۆمسیۆن ئومێدبەخشن بۆ ئەوەی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
قائید میرۆ




