ئەوانەی بایۆمەتری دەنگدانیان نەکردووە دەتوانن لەماوەی ٢٠ ڕۆژدا خۆیان تۆمار بکەن
__2024_02_03_h18m37s0__RM.jpg)
بەپێی بڕیارێکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەرگای تۆمارکردن بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و بەرپرسێکی کۆمسیۆنیش دەڵێ: ئەوانەی خۆیان تۆمار نەکردووە تا ئێستا لەگەڵ ئەوانەی لە ساڵی ٢٠٠٦ لەدایک بوونە پێویستە سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن.
خالید دۆسکی، بەڕێوەبەری ئوفیسی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ دەست بە تۆمارکردنی ناوی ئەو ھاووڵاتییانە کراوە تا ئێستا خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری دەنگدان تۆمار نەکردووە و لەمڕۆ بەدواوە دەتوانن سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن بە مەبەستی تۆمارکردنی ناوی خۆیان، پرۆسەکە ھەموو ئەو ھاووڵاتییانە دەگرێتەوە خۆیان تۆمار نەکردووە.
بەرپرسەکەی کۆمسیۆن گوتیشی: ئەوانەشی لە ساڵی ٢٠٠٦ لەدایک بوونە مافیان ھەیە ناوی خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار بکەن، پێویستە لەماوەی دیارکراو سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن، چونکە پرۆسەکە بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستانە و تەنیا ٢٠ ڕۆژ دەرفەتە لەبەردەم ھاووڵاتییان.
خالید دۆسکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە سنووری پارێزگای دھۆک ٤٠ بنکەی تۆمارکردنی بایۆمەتری دەنگدەران ھەن و ئەو ھاووڵاتییانەی لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٦ن لەگەڵ ئەوانەی تا ئێستا بایۆمەتریان نەکردووە پێویستە لەماوەی ٢٠ ڕۆژدا خۆیان تۆمار بکەن و لەکاتی سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بەڵگەنامەی پێویستیان ھەبێت.
قائید میرۆ




