دادگا بڕیاری کۆتایی دەدات

سلێمانی-KDP.info- دادگاى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت، دادبینى لە سکاڵاى هەزاران خانەوادەى شەهید و بریندارى هەڵەبجە بەردەوامە، لە ڕێگەى نوێنەرایەتییەکانى حکوومەتى هەرێمیشەوە، سکاڵالێکراوان ئاگادار کراونەتەوە و تیمێکى گەورەى پارێزەرانى نێودەوڵەتى لەناو کەیسەکەدان و لە ڕۆژى ١٢ى ئادارى ئەمساڵ دادبینییەکان دەست پێدەکەنەوە.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکى کۆمەڵەى قوربانیانى کیمیابارانى هەڵەبجە، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "لە ساڵى ٢٠١٢ لەگەڵ دەستەى پارێزەرى نێودەوڵەتى ڕێککەوتننامەیەکمان واژۆ کردووە، ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەى چەکى کۆمەڵکوژییان داوە بە ڕژێمى پێشووى عێراق، ڕووبەڕووى یاسا بکرێنەوە، ئێستا ٤٨١٧ سکاڵاکار، سکاڵایان تۆمار کردووە و وەکالەتیان بۆ پارێزەرەکان کردووەتەوە، بڕیارە لە ڕۆژى ١٢ى مانگى ئازارى ئەمساڵ دادبینییەکان دەست پێبکەنەوە".
عەبدولقادر دەشڵێ: "دواکەوتنى کەیسەکە بۆ دادگاى هەڵەبجە دەگەڕێتەوە، کە دادوەرەکان دەگۆڕدران، بۆیە کەیسەکەمان گواستەوە دادگاى سلێمانى".
روونیشی دەکاتەوە: "دادگا داواى قەسام شەرعى و ڕاپۆرتى بریندارى بەرکەوتووانی دەوێت، لەگەڵ ئەنجوومەنى دادوەرى و وەزیرى تەندروستیش کۆبووینەوە، بەڵێنیان پێداین ئەو کێشانەمان بۆ چارەسەر بکەن، چونکە لیژنەکان لە ڕێگەى ڕاپۆرتى پزیشکى و قەسام شەرعى قەرەبووى سکاڵاکارەکان دیارى دەکەن".
عەبدولقادر دەڵێ: "ئەو بریندار و کەسوکارى شەهیدانەى تاکو ڕۆژانى پێش ١٢ى ئادارى ئەمساڵ نەیەن بەدەم کارەکانییەوە، ئەوە داواکەیان لە سکاڵاکەرەکان دەردەکرێت و پاشتر مافى داواکردنى قەرەبوویان نییە".
عەزیز ڕەسووڵ




