لە ناحیەی دینارتە نەخۆشخانەیەک لە بواری جێبەجێکردن دایە

دینارتە _ KDP.info_ بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتەی سەر بەقەزای ئاکرێ گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەخۆشخانەیەک لە دینارتە دروست دەکات، ئێستا کاری باشی تێدا کراوە و تا مانگی ئادار تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان.
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتەی سەر بەقەزای ئاکرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە ناحیەی دینارتە دەست بە درووستکردنی نەخۆشخانەیەک لە جۆری (A) کراوە کە ھەموو بەشە گرینگەکان لەخۆ دەگرێت، وەکو بەشی لە دایکبوون و تیشک و سۆنار و بەشەکانی دیکە، لەسەر ڕووبەری ٥ ھەزار مەتر دروست کراوە و کاری زۆر باشی تێدا کراوە، ئێستا ٥٠%ی کارەکانی تەواوکراوە و چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو مانگی ئادار نەخۆشخانەکە تەواو بکرێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان.
سەربەست سەبری گوتیشی، ئەو نەخۆشخانەیە زۆر گرنگە بۆ دەڤەرەکە و نەخۆشخانەی دیکەمان نییە و بەتەواوبوونی پێویستمان بە ئاکرێ نابێت و زۆرینەی کێشەکانمان چارەسەر دەکات، بۆیە سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین کە ئەو نەخۆشخانەیەی بۆ ئێمە دروستکردووە و زیاتر لە ملیارێک دیناری بۆ تەرخان کردووە.
سەبری باسی لەوەش کرد: بەردەوام کار لە نەخۆشخانەکە دەکرێت و بەردەوامیش دەبێت تاوەکو تەواو دەکرێت و دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییانی خۆشەویستی ناوچەکە.
بڵند ئیبراھیم




