بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی بە بانگهێشتی فەرمی له بەلجیكایه

بەلجیکا-KDP.info- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بانگهێشتی فەرمی گەیشتە بەلجیكا بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ پارتی سیاسی و فراكسیۆنی پەرلەمانیدا.
لەو سەردانەدا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی چاوی كەوت بە بەڕێز جۆرج دالامەین لە پارتی كریستیان دیموكرات و چەند پەرلەمانتارێكی دیكە لە لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی بەلجیكا. لە كۆبوونەوەكەدا بەرپرسی پەیوەندییەكان باسی لە باردۆخی هەرێمی كوردستان و هێرشە بەردەوامەكانی میلیشیا شیعەكان و ئێران بۆ سەر هەرێم كرد.
سیوەیلی داوای كرد لە رێگەی حیزب و حكوومەت و پەرلەمان و كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەورووپا و ناتۆ گوشار بخەنە سەر حكوومەتی عێراق و ئێران بۆ كۆتاییهێنان بەو هێرشانە. هەڕەشەكانی داعش و گفتوگۆكان بۆ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق، بە درێژی تیشكی خرایە سەر و روونكردەوەی پێوستی لەسەر درا.
لە درێژەی دیدارەكەدا، باسی لە گرفتی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان كرد بە بێ رێكکەوتن و خشتەیەكی زەمەنی كە زیانی گەورە بە عێراق و هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت لە رووی سەربازی و سیاسی و ئابوورییەوە.
ڕۆژی دووەمی سەردانەكەی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، سەردانی پەرلەمانی هەرێمی فلاندەرزی كرد و لەگەڵ بەرێز كارل ڤانلووی، سەرۆكی فراكسیۆنی حیزبی هاوپەیمانی نوێی فلاندەرزی NV-A کۆ بووەوە، ئەو حیزبەی كە پێی وایە باشترین چارەسەر بۆ وڵاتانی فرە نەتەوە كۆنفیدراڵییە، لەبەر ئەوەی سیستمی ئێستا كە فیدراڵیزمە، نەیتوانیوە ئارامی و سەقامگیری بەدی بهێنێت و گەشە بكات.
جێگای باسە كە بەرێز ڤانلووی ئەندامی سەناتی بەلجیكا و بەرپرسی پەیوەندییەكانە لەگەڵ ئەورووپا. لە سالی ٢٠١٧ كاتێك سەرۆك بارزانی سەردانی برۆكسلی كرد لە پەرلەمانی فلاندەرز وتارێكی دەربارەی ریفراندۆم پێشكەش كرد، لەو كاتەدا ئەم حیزبە دەسەڵاتی هەرێمەكەیان بە دەستەوە بوو. لە میانەی ئەو دیدارەدا بەڕێز سیوەیلی باسی لە دۆخی ئێستای كوردستان كرد و تیشكی خستە سەر هەڵوێستی حكوومەتی فیدراڵی بەرامبەر حكوومەت و گەلی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی كێشەی بودجە و بڕیارە سیاسییەكانی دادگای فیدراڵی.
لە تەوەرێكی تردا، باسی ههڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان و هێرشی بەردەوامی میلیشیاكانی سەر بە ئێران كرا بۆ سەر هەرێمی كوردستان. بابەتێکی دیكەی ئەو دیدارە، كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانان لە عێراق و كاریگەریی لەسەر دۆخی عێراق بوو.
هۆشیار سیوەیلی لە درێژەی سەردانەكەیدا چاوی بە خاتوو ئێلس ڤان هووف لە حیزبی كریستیان دیموكراتی فلاندەرز CD&V كەوت، کە سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی درەوەی پەرلەمانی فیدراڵی بەلجیكایە و لەگەڵ بەرێز پیتەر ڤان روومپای، سەرۆكی فراكسیۆنی حیزبی CD&V لە پەرلەمانی فلاندەرز كە گەورەترین هەرێمی بەلجیكایە.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، بە درێژی باسی دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەی كرد، بە تایبەتی سیاسەتی حكوومەتی فیدراڵی عێراق دەربارەی بودجە و نەوت و ئاسایش و پرسە هەڵواسراوەكانی دیكە. لەو دانیشتنەدا بەڕێز سیوەیلی سوپاسی حیزبی CD&V و گەل و پەرلەمان و حكوومەتی بەلجیكا و هەرێمی فلاندەرزی كرد بۆ هاوكارییە بەردەوامەكانیان بۆ گەلی كوردستان، بە تایبەتی لە كاتی هێرشەكانی داعش كە تا ئێستاش بەردەوامە و داوای پشتگیری و هاوكاریی زیاتری حیزبەكەیان و پەرلەمان و حكوومەتی بەلجیكای كرد.
بەشێكی دیكەی ئەو سەردانە دیدار و گفتوگۆ بوو لەگەڵ بەڕێز پاتریک ڤۆڵەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی گەلی ئەورووپا پراتس، هەروەها چاوی کەوت بە خاتوو ژولیا لاسنس ڕاوێژکاری باڵای پارتی گەلی ئەورووپا. لە دیدارەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی گەلی ئەورووپا کرا و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە پەیوەندییەکان بەهێزتر و فراوانتر و هەماهەنگی زیاتر بکرێت.
هۆشیار سیوەیلی، بە فەرمی بانگهێشتی وەفدی بەلجیكای كرد و داوای كرد سەردانی هەولێر بكەن بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و پێشكەوتن و بەربەست و ئەو گرفتانەی كە بۆی دروست دەكرێن.




