کۆبوونەوەی سبەی بۆ ھەفتەی داھاتوو دواخرا

کەرکووک _KDP.info_ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیاربوو سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی سازبکات، بەڵام بۆ ھەفتەی داھاتوو دواخرا.
شۆخان حەسیب، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیاربوو سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی سازبکات، بەڵام بەپێی یاسا پێویستە دوای پەسەندکردنی ناوی ئەندامان ١٥ ڕۆژ دواتر ئەنجوومەن کۆبێتەوە کە دەکاتە ڕۆژی دووشەممەی ھەفتەی داھاتوو، بۆیە ھەفتەی داھاتوو یەکەم کۆبوونەوەی خۆمان ئەنجام دەدەین.
شۆخان حەسیب گوتیشی: لەم چەند ڕۆژە لایەنەکان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی لەبارەی پۆستەکان بگەنە ڕێککەوتن، ئێمەش وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ھێڵی سوورمان لەسەر ھیچ کەسێک نییە و لە گفتوگۆکان دیار دەبێت، ئێمەش داواکاری خۆمان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک ھەیە، چونکە تا ئێستا ڕێککەوتن لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک نەکراوە.
بڵند ئیبراھیم




