فراکسیۆنی پارتی بڕیاری قەدەغەکردنی ئاڵای کوردستانی لەسەر قوتابخانەکانی کەرکووک ھەڵوەشاندەوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دوای ھەوڵێکی زۆر فراکسیۆنی پارتی توانی بڕیاری قەدەغەکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر قوتابخانەکانی کەرکووک ھەڵوەشێنێتەوە.
دکتۆر نەھلە ئەفەندی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوای دەرکردنی نووسراوی قەدەغەکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر قوتابخانەکانی کەرکووک، ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی کەوتینە دژایەتیکردنی بڕیارەکە و فراکسیۆنی پارتی بە سەرۆکایەتی ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆن و بەندە لەگەڵ پەرلەمانتار نەجوا کاکەیی سەردانی وەزیری پەروەردەی عێراقمان کرد".
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: "دوای دانوستانێکی زۆری فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ بەڕێز ئیبراھیم نامس، وەزیری پەروەردەی عێراق و پێداگیری فراکسیۆنی پارتی لەسەر دەرکردنی ئەو بڕیارە توانیومانە ئەو بڕیارە ھەڵوەشێنینەوە".
دکتۆر نەھلە ڕوونیشیکردەوە: "ئاڵای کوردستان ھاوشێوەی ئاڵای عێراق لەسەر قوتابخانەکانی کەرکووک دەبێت و بەپێی دەستوور و یاساش ئاڵای کوردستان و عێراقیش لەسەر فەرمانگەکانی سەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە، ئێمە بەھیچ شێوەیەک ڕازی نابین بە قەدەغەکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر قوتابخانەکانی کەرکووک و لەمەودواش بەدواداچوون بۆ پرسی ئاڵای کوردستان دەکەین".
قائید میرۆ




