٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی لە مووسڵ جەخت لەسەر بەدەستھێنانی ئەو پۆستانە دەکاتەوە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان

سەرچاوە: KDP.info

شێخان _KDP.info_ بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شێخان گوتی: ڕۆژی پێنجشەممە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەدەچێت و دانوستانەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی گەرموگوڕتر دەبن و پارتی جەخت لەسەر بەدەست ھێنانی پۆستێکی سیادی دەکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ لەو ڕێگەیەوە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکات بەپێی ئەو بەرنامەیەی لەکاتی ھەڵبژاردن ڕایگەیاندووە، چونکە زۆرترین زیان بەر ناوچە کوردستانییەکان کەوتووە. 

ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شێخان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ڕۆژی پێنجشەممە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەنجامدەدرێت و بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات، بەڵام تا ئێستا لە دانوستانەکان یەکلایی نەبۆتەوە کێ حکوومەتی خۆجێیی پێکدەھێنێت، لەم دووسێ ڕۆژە ئەوە یەکلایی دەکرێتەوە و دانوستانی گەرموگوڕ دەستپێدەکات لە نێوان لایەنە سەرکەوتووەکان، لەبەر ئەوەی پێشتر و ئێستاش دانوستان کراوە و تا ئێستا ئەوە یەکلایی نەبۆتەوە کام لایەن حکوومەت پێکدێنێت و کامەش دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، بۆیە تا ھەفتەی داھاتوو ئەوە یەکلایی دەبێتەوە. 

ساڵح حەیدر گوتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان ھەوڵدەدات پۆستە گرنگەکان بەدەست بێنێت، چونکە کورد بەشێکی گرنگی پێکھاتەکانی مووسڵە، بۆیە لەکاتی دانوستان پێویستە وەکو پێکھاتە و حزبیش بە گرنگ وەریبگرن، چونکە پۆستی سیادی ھەیە وەکو پارێزگار و جێگری یەکەم و سەرۆکی ئەنجوومەن و سیوسێ  یەکەی ئیداری، بۆیە پارتی بەپێی قەبارەی خۆی پۆست وەردەگرێت، بەپێی بەرنامەی لیستی خۆی خزمەت دەکات لەڕێگەی پۆستەکانی وەریدەگرێت، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان کە زیانی زۆریان بەرکەوتووە. 

 

حەیدەر باسی لەوەش کرد: سێ پۆستی گرنگ ھەیە ئەوانیش پارێزگار و جێگری یەکەم و سەرۆکی ئەنجومەنن، بەتایبەت سەرۆکی ئەنجوومەن زۆر گرنگە، چونکە پڕۆژەکان لە ئەنجوومەن تێدەپەڕن، لەبەر ئەوەی پێشتر ئەنجوومەن نەبوو زیاتر دەسەڵات لە دەستی پارێزگار و جێگرەکەی بوو، لەمەودوا ئەنجوومەن زیاتر دەسەڵاتی دەبێت و پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە پۆستێکی سیادی ھەبێت و لە پۆستەکانی دیکەش بەپێی قەبارەی خۆی پۆستی پێدەدرێت، چونکە ناکرێت ئەوەی حکوومەتیش پێکبێنێت ھەموو پۆستە سیادییەکان بۆ ئەو بێت، بۆیە پارتی پۆستێکی سیادی بە مافی خۆی دەزانێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لەو ڕێگەیەوە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکات، چونکە لیستی نەجم جبوری پێنج کورسی بەدەستھێناوە و پارتی چوار کورسی و لیستەکانی دیکەش کورسیان بەدەست ھێناوە، پێویستە پێکەوە حکوومەت دروستبکەن. 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار