٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حەیدەری: بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ئێران سزادانێکی قورس دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_ وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا لەسەر ھێرشەکانی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و چاوەڕێ دەکرێت بڕیاری لێ بدرێت، ئەگەر بڕیاردرا بڕیارێکی قورس دەبێت، چونکە سەروەری خاکی وڵاتێکی دیکەی پێشێلکردووە، ڕەنگە بخرێتە لیستی ڕەشەوە. 

 

شێروان حەیدەری، وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵای لەدژی ھێرشەکانی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان تۆمار کردووە بەو حوکمەی پرسێکی سیادییە و ئەرکی حکوومەتی عێراق و دەوڵەتانی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکانە، چونکە وەکو ھەرێم ئێمە ناتوانین سکاڵا تۆمار بکەین، پێویستە لەڕێگەی عێراقەوە سکاڵا بکرێت، عێراقیش سکاڵاکەی تۆمار کردووە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری خۆی بدات. 

شێروان حەیدەری گوتیشی: ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیار بدات سزای ئەو وڵاتە دەدات کە ھێرشی سەر ھەرێمی کوردستانی کردووە و سزای ئابووریان دەدەن و فشاری زیاتریان دەخەنە سەر بۆ ئەوەی چیتر ئەو ھێرشانە دووبارە نەبنەوە، بۆیە سزای قورسیان بۆ دەردەکەن، چونکە سیادەی وڵاتێکی دیکەیان پێشێلکردووە ئەمەش ڕێگە پێدراو نییە، بۆیە سزای ئەو کۆمپانیایانە دەدەن کە بەو جۆرە مامەڵەیان کردووە و دەخرێنە لیستی ڕەشەوە. 

حەیدەری باسی لەوەش کرد: ھەرێمی کوردستان بەڵگەی سەلێمنەری لەبەردەستە و ڕاستیەکانیش ھەمووی ڕوونن، جگە لە لیژنەی ناوخۆ و دەرەوە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش لێکۆڵینەوەیان کردووە، بۆیە بەڵگەی پێویست لەبەردەستە و سکاڵاکە تۆمارکراوە، هەر بڕیار بدرێت جێگەی خۆی دەگرێت. 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار