٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوای بڕیاری دادگا سەرۆکایەتی ھەرێم لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_ چاودێرێکی سیاسی باس لەوە دەکات: بڕیارە دوای بڕیاری دادگا لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بۆ  دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەگەڵ کۆمسیۆن و لایەنەکان کۆببێتەوە، چونکە پێش بڕیاری دادگا ھەر بڕیارێک بدرێت سودی نییە، لەبەر ئەوەی دادگا بەھۆکاری سیاسی بڕیاردان لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەخات.

 

عەبدولسەلام بەرواری، چاودێری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و شاندی کۆمسیۆن ڕای خۆیان لەبارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیار کردووە ، بەڵام ھەردوولا بەباشیان زانی دادگا بڕیاری خۆی بدات ئەوکات بە فەرمیی وادەیەک بۆ ھەڵبژاردن دیاری بکەن، چونکە ھەر بڕیارێک بدرێت بێ ئەوەی دادگا بڕیاری خۆی بدات سودی نییە، چونکە بڕیارە ٤ی مانگی داھاتوو دادگا کۆببێتەوە و بڕیاری خۆی بدات، ئەگەر جارێکی دیکە دوانەخرێت. 

 

عەبدولسەلام بەرواری گوتیشی: بەردەوام دواخستنی بڕیاری دادگا سیاسییە ئەگەر نا بابەتێکی وا بەربەستێکی گەورە نییە ھێندە دوابخرێت و بڕیاری لێ نەدرێت، بۆیە پێویستە ئەمجارە دادگا بڕیاری کۆتایی بدات، چونکە پێویستە کۆمسیۆن بزانێت بە چ یاسایەک ھەڵبژاردن بەڕێوەدەبات تا ئامادەکاری بۆ بکات، ئەگەر دیار نەبێت زەحمەتە، یاسای ئێستا یەک بازنەییە و پێکھاتەکان ١١ کورسییان ھەیە، بۆ ئەوان ھەموو کوردستان یەک بازنەیە و کراوەیە، ئەگەر دادگا بڕیارێکی تازە بدات ئەوکات کاریگەری و گۆڕانکاری زۆر ڕوودەدەن، بۆیە تا دوای بڕیاری دادگا ناتواندرێت ھیچ بڕیارێک بدرێت. 

 

بەرواری باسی لەوەش کرد: بڕیارە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمسیۆن ولایەنەکانیش کۆببێتەوە، بەڵام چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکرێت تاوەکو بڕیار نەدرێت کۆبوونەوە بشکرێت سوودی نییە، چونکە ئەوانەی ڕازیش نین ھەڵبژاردن بکرێت لەم کاتەدا ئامادەیی دەردەبڕن، بۆیە دوای بڕیاری دادگا کۆبوونەوە دەکرێت، ئەوکات ھەڵوێستی ھەمووان دیار دەبێت و وادەیەک دادەنرێت بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت. 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار