ئەمساڵ سایلۆی ڕوڤیا دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتیان

ڕوڤیا _KDP.info _ بەڕێوەبەری ناحیەی ڕوڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش گوتی: سایلۆی ڕوڤیا کۆتایی پێھاتووە و تەنیا ماوە ستافی بۆ دیار بکرێت، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ستافی بۆ دیاری بکرێت و ئەمساڵ بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان و جووتیارانی ناوچەکە.
بەڕێوەبەری ناحیەی ڕوڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش، مەنھەل شێخ موەفەق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پار تەنیا گۆڕەپانی سایلۆی ڕوڤیا کرایەوە، کێشەکەی ئەوەیە بڕیار لەدەست حکوومەتی عێراقە و ستافیان کەمە و کێشەیان ھەیە و پێویستیان بە بیست کارمەند هەیە، لیستی ناوەکان دراوە بە حکوومەتی عێراق، ئەگەر کێشەکە چارەسەر بکرێت تەنیا ماوە ڕۆژێک بکرێتەوە و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان.
مەنھەل شێخ موەفەق گوتیشی: بۆ پاسەوانی سایلۆکە ئێمە دەتوانین ھاوکار بین، بەڵام بۆ کارمەندی ناو سایلۆ پێویستی بە ٢٠ کارمەند ھەیە، ھەماھەنگی باش ھەیە لەگەڵ حکوومەتی عێراق و بەڵێن دراوە لە ماوەیەکی نزیکدا بکرێتەوە و بۆ ئەمساڵ بکەوێتە خزمەت جووتیاران.
سایلۆی ناحیەی ڕوڤیا، لە ساڵی ٢٠١٨ دەست بە دروستکردنی کراوە و بڕی ٨٤ ملیار دیناری بۆ تەرخانکرابوو، توانای وەرگرتنی ٤٤ ھەزار تۆن گەنمی ھەیە.
بڵند ئیبراھیم




