بژار مەلا خدر: قوشتەپە دەکرێتە ناوچەیەکی کشتۆکاڵی

قایمقامی قەزای قوشتەپە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، سێ ناحیە دەخرێنە سەر قەزای قوشتەپە ، دەشڵێ: قەزای قوشتەپە جێی بایەخی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و بەھۆی ھەبوونی سنوورێکی فراوانی کشتوکاڵیی دەکرێتە ناوچەیەکی کشتوکاڵی لە ھەرێمی کوردستان.
بژار مەلا خدر، قایمقامی قەزای قوشتەپە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: خەڵکی سنووری قەزای قوشتەپە سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دەرکردنی بڕیاری بەقەزابوونی قوشتەپە و بڕیارە ژمارەیەک فەرمانگەی نوێ لە قەزاکە بکرێنەوە، ھەروەھا دوو ناحیەی نوێ دروست دەکرێن ئەوانیش ناحیەی سەرکارێز و ناحیەی کانی قرژڵەن، ھەردوو ناحیەکە و ناحیەی شەمامکیش دەخرێنە سەر قەزای قوشتەپە.
قایمقامی قوشتەپە گوتیشی: قەزای قوشتەپە پێشتر یەکێک بووە لە کۆنترین ناحیەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر و ڕووبەرێکی فراوانی بۆ کشتوکاڵ ھەیە، ئەوەیش جێی بایەخی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و قەزاکە دەکرێتە ناوچەیەکی کشتوکاڵی و سوودی بۆ ھەموو کوردستان دەبێت.
بژار مەلا خدر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکی حکوومەت لە دیوانی قایمقامیەتی قوشتەپە تیمێکمان دروستکردوە سەردانی کۆمپانیا و کارگەکانی سنوورەکە دەکات بەمەبەستی پەیداکردنی ھەلیکار بۆ ھاووڵاتییانی قەزاکە، پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی خەڵکی بێکاریش دەستیپێکردووە و تا ئێستا ٣٣٠ کەس ناویان تۆمار کردووە، ئێمەیش کاریان بۆ پەیدا دەکەین.
قائید میرۆ




