ناوی جووتیاران بۆ پلانی ئەمساڵی لێوەرگرتنی گەنم ڕەوانەی بەغدا دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی جووتیاران بۆ ئەوەی بخرێنە ناو پلانی ئەمساڵی لێوەرگرتنی گەنم لەچەند ڕۆژی داھاتوودا ڕەوانەی بەغدا دەکرێن.
د.زێدا کەریم، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: تۆمارکردنی ناوی جووتیاران بۆ لێوەرگرتنی بەرھەمی ئەمساڵی گەنم کۆتایی ھاتووە و بڕیارە لەچەند ڕۆژی داھاتوودا ناوی جووتیاران ڕادەستی حکوومەتی فیدڕاڵ بکرێت تا لە چوارچێوەی پلانی ئەمساڵی لێوەرگرتنی گەنم سوودمەندبن.
بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت: داتای فەرمیی لە ھەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کشتوکاڵ کۆدەکرێتەوە و دوای پێداچوونەوە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕەوانەی بەغدا دەکرێن.
د.زێدا کەریم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەگوێرەی تۆماری ناوی جووتیاران ئەمساڵ بەرھەمی گەنم لە جووتیاران وەر دەگیرێت و ھەر جووتیارێک ناوی خۆی تۆمار نەکردبێت بێبەش دەکرێت لە لێوەرگرتنی بەرھەمی ئەمساڵ، چونکە پلانەکە بەو شێوەیەیە ناوی جووتیاران تۆمار بکرێت و بخرێتە ناو چوارچێوەی پلانی لێوەرگرتنی گەنم.
قائید میرۆ




