٢٤ پڕۆژەی شوێنەواری لە سنووری پارێزگای دھۆک کاریان لەسەر دەکرێت

دھۆک _KDP.info_ بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری دھۆک گوتی: بڕیارە ٢٤ پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و ھەلکۆڵین بۆ شوێنی شوێنەواریی لە سنووری پارێزگای دھۆک لە لایەن حکوومەت و زانکۆکان و ڕێکخراوەکان جێبەجێ بکرێن.
د.بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری دھۆک ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: زیاتر لە ٢٤ پڕۆژەمان ھەیە لە بواری شوێنەواریی، بەشێک لەو پڕۆژانە دەستپێکرەون و بۆ بەشێکیش چاوەڕێی باشبوونی دۆخی کەشوھەوا دەکەین، ئەو پڕۆژانەش لەلایەن حکوومەت و زانکۆکان و ڕێکخراوەکان جێبەجێ دەکرێن کە دوو جۆرە پڕۆژەن، هەندێکیان نوژەنکردنەوەن و هەندێکیش ھەلکۆڵینی شوێنی شوێنەواریین.
د.بێکەس بریفکانی گوتیشی: ئەو پڕۆژانەی بڕیارە نۆژەنبکرێنەوە ١٢ پڕۆژەن و بریتین لە شوێنی جارستین سەنتەری دھۆک و قەسری دلبی لە سەنتەری دھۆک و قەسری کمبرلاند لە سەنتەری پارێگای دھۆک و گۆرتانی میرا لە ئامێدی و خواندنگای قوبەھان لە ئامێدی و کوری سیریجی لە ئامێدی و گۆڕی پیر حەزان لە ئامێدی و کەنیسەی کلدانی لە ئامێدی و منارەی مزگەوتی ئامێدی و جەروانە لە شێخان و ھەلامەتا لە سەنتەری دھۆک و خنس لە شێخان.
بریفکانی باسی لەوەش کرد: ١٢ پڕۆژەی دیکەش کاری ھەڵکۆڵینیان تێدا دەکرێت لە شوێنی شوێنەواری، پڕۆژەی ئاسنگران لە کانی ھەسپان لە سنووری قەزای بەردەڕەش و باژێرە لە ناحیەی گردەسێن سەر بەقەزای ئاکرێ و گۆمل لە کەلەکچی سنووری شێخان و نەھلە لە سنووری ئاکرێ و تل زید لە سنووری سێمێل لە دھۆک و بەنداوی مووسڵ و چەم پاشای لە سنووری سێمێل لە دھۆک و باستکێ لە سنوری سێمێل لە دھۆک و کەموونە لە سنووری سێمێل لە دھۆک و موقبلێ لە سنووری سێمێل لە دھۆک و ئێسیا لە سنووری شێخان و ئیتیتێ لە سەنتەری پارێزگای دھۆک.
بڵند ئیبراھیم




