سبەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سوێندی یاسایی دەخۆن

کەرکووک-KDP.info- سبەی لە بەردەم سەرۆکی دادگای کەرکووک، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سوێندی یاسایی دەخۆن، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش دەڵێت، پێویستە تاوەکو ھەشتی مانگی داھاتوو ئەنجوومەن یەکەم کۆبوونەوە ئەنجام بدات و تێیدا سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگار و جێگرەکانیان ھەڵبژێرن.
سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، حەسەن شێخانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سبەی ئەندامانی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەردەم سەرۆکی دادگای کەرکووک سوێندی یاسایی دەخۆن، پێشتر خۆیان دەھاتن بۆ ئەنجوومەن، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە ئێمە دەچینە بەردەمیان سوێندی یاسایی دەخۆین".
شێخانی گوتیشی: "سبەی تەنھا سوێندی یاسایی دەخۆین و بەپێی سیستەمی تازەش پێویستە پێش ٨ی٢ی٢٠٢٤ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، چونکە دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان لە ماوەی ١٥ ڕۆژ پارێزگاری شار داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەن دەکات و لە ماوەی ئەو ١٥ ڕۆژەدا کۆبوونەوە بکرێت، بۆیە ھەشتی مانگی داھاتوو دوایین ڕۆژە بۆ ئەوەی کۆببینەوە".
باسی لەوەش کرد: "پێویستە لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سەرۆکی ئەنجوومەن و یەک جێگر و پارێزگار و دوو جێگر ھەڵبژێرن، بۆیە ئێمەش چاوەڕێی سەرووی خۆمان دەکەین بۆ ئەوەی رێنماییمان پێ بدرێت چی بکرێت و چۆن ئەو کارانە چارەسەر بکرێت".
ناوبراو گوتیشی: "پێویستە بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتیی کۆبوونەوە بکات، ئەگەر ڕاکان جبووری بێتە کۆبوونەوە ئەو بەتەمەنترین ئەندامە و ئەگەر ئەو بەشداری نەکات ئەندامێکی کوردە بەناوی پەروین فاتیح سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات".
بڵند ئیبراھیم




