٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان بڵاو كردەوە و دەڵێ هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیان وایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت. 

خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیرادەیان زۆر لەوە بەهێزترە کە بە پیلان و ستەمکاری بشکێن، بەڵکوو ورەمان بەهێزتر دەبێت و لە ئەنجامدا، تەنیا شکست و ڕووڕەشی بۆ دوژمن وخائینان دەمێنێتەوە.

سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی وڵاتانی دۆست دەکەین، کە بەردەوام ئەم هێرشانەیان شەرمەزار کردووە، بەڵام بە لێدوان و شەرمەزارکردن، کۆتایی بەم پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناکات.

گرنگە هەنگاوی کرداری لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسیی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانە و دەبێ ئاسایشی هەموو عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزێت.

داوا لە وڵاتانی دۆستیش دەکەین، کە ڕێکاری جدی بگرنەبەر و هاوکاری مەیدانیمان بکەن، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵکی ئێمە و ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.

داوا لە خەڵکی کوردستانیش دەکەم، بە خۆڕاگری و ورەیەکی بەرزەوە، ڕووبەڕووی ئەو پیلانانە ببنەوە و هەستی نیشتمانپەروەرییان هەر بەهێز بێت و ڕێگە بە خۆفروش و خاکفرۆش و کۆیلەی ناحەزان نەدەن، کوردستان و خەبات و دەستکەوتەکانی، بکەنە قوربانی ترسنۆکی و تەماعی و بێویژدانیی خۆیان.

داواکارم خوای گەورە، هێزی زیاترمان پێ ببەخشێت، تاکوو بەردەوام بین لە درێژەدان بە ڕێبازی پیروزی کوردایەتی و وەفاداری بو خوێنی شەهیدان و پشت و پەنامان بێت بەرەو سەرکەوتن.

 

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

2024/1/26

هەواڵی پەیوەندیدار