دوای مانگێکی دیکە تیروپشک بۆ یەکەکانی کرێنشینان دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: کۆتایی ئەم مانگە پڕکردنەوەی فۆرمی کرێنشینان کۆتایی دێت، دوای مانگێک تیروپشک بۆ کرێنشینان دەکرێت، دەشڵێ: تا پێش چەند ڕۆژێک پەنجاھەزار کەس فۆرمیان پڕکردووتەوە و ٢٦ھەزار گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.
توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: کۆتایی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی کرێنشینان و ئەمجارە وادەکە درێژ ناکرێتەوە، چونکە پێشتر بە ھۆکاری جیاواز و بە مەبەستی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان سوودمەندبن دوو جار وادەی پڕکردنەوەی فۆرمی کرێنشینان درێژکراوەتەوە، کۆتایی ئەم مانگە کۆتایی بە پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرم دێت.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتیشی: بەپێی ئەو ئامارەی پێش چەند ڕۆژێک گەیشتووەتە وەزارەت، نزیکەی پەنجاهەزار کەس فۆرمی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوونیان پڕکردووەتەوە، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا ٢٦ھەزار کەس گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و دوای کۆتایی ھاتنی پرۆسەکە ئامارەکە ڕادەگەیەنین.
لەبارەی دابەشکردنی یەکەکان توانا بەشیر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: مانگێک دوای پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمەکان پرۆسەی تیروپشک بۆ ئەو کەسانەی مەرجی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوونیان تێدایە بەڕێوەدەچێت، بەڵام دابەشکردنی یەکەکان دیارنییە کەی بەڕێوەدەچێت.
قائید میرۆ




