٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.نەھلە ئەفەندی: مانگی ئاداری داھاتوو ژمارەیەک دەرچووی دیکەی زانکۆکان دادەمەزرێن

سەرچاوە: KDP.info

بڕیارە سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی عێراق دابمەزرێن و ئەندامێکی کورد لە لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراقیش دەڵێ: لە دانوستانداین بۆ ئەوەی قوتابیانی ھەرێمی کوردستانیش سوودمەندبن لەو دامەزراندنە.

د.نەھلە ئەفەندی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی بودجەی ئاسایشی خۆراک ھەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لەگەڵ سێ یەکەمەکان دامەزران، ھەرێمی کوردستانیش بێبەش نەبوو لەو دامەزراندنە، بەڵام ئەو قوتابیانەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمن و دەرچووی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بوون ژمارەیەکیان دامەزران، بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری داھاتوو ژمارەیەکی دیکە لەو دەرچووانە دابمەزرێن.

ئەندامەکەی لیژنەی خوێندنی باڵا گوتی: ئێمە لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ لە دانوستانداین بۆ ئەوەی دامەزراندنەکە ئەوانیش بگرێتەوە، بەڵام ھێشتا نەگەیشتووینەتە ئەنجام بە مەبەستی سوودمەندبوونی سێ یەکەمی زانکۆکان و ھەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا.

د.نەھلە ئەفەندی ڕوونیکردەوە: ڕۆژی ١٧ی مانگ لیژنەی خوێندنی باڵا بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالە و سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژە و دیوانی چاودێری دارایی عێراق کۆبووینەوە، دانوستان لەسەر ئەو پرسە کرا، دامەزراندنی دەرچووانی ھەرێمی کوردستان لەژێر پێداچوونەوەیە و تەنیا لە قۆناغی یەکەم توانراوە قوتابیانی سنووری مادەی ١٤٠ سوودمەندبن، ناوەڕاستی مانگی ئادار لینکی دامەزراندن دەکرێتەوە و ھەموو قوتابیانی ناوچە کوردستانییەکان ئەوانەی دەرچووی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستانن دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار