ئەکبەر حەیدەر: بە دوو ھەنگاو دۆخی خانەقین و دەوروبەری ئاسایی دەبێتەوە

خانەقین _KDP.info_ بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتی: ئەگەر ئەو ڕێککەوتنەی کراوە جێبەجێ بکرێت دۆخی خانەقین و دەوروبەری ئاسایی دەبێتەوە، ئەویش ئەمنیەتی ناوشارە بدرێتە ھێزەکانی پۆلیس، دووەمیش بارەگاکانی پارتی بگەڕێنەوە بۆ خانەقین و دەوروبەری.
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: تا ئێستا سوپا و حەشدی شەعبی ئەمنیەتی خانەقین و دەوروبەری بەڕێوەدەبەن، ڕێککەوتن کراوە ھێزی پۆلیس ناوخۆی شار بەڕێوەببەن، بەڵام تا ئێستا ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە، بۆیە ئومێد دەکەین بەزووترین کات جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەوەی ھەیە یاسایی نییە و پێویستە سوپا و حەشدی شەعبی لە دەرەوەی شاربن نەک لەناو شار.
ئەکبەر حەیدەر گوتیشی: پۆلیس باشترە ناوشار بپارێزن ، چونکە شارەزایی باشتریان ھەیە و زیاتر لە خەڵک دەگەن و کێشەکان چارەسەر دەکەن و گەورەی ناکەن، بۆیە خەڵکیش لەگەڵ ئەوەدایە پۆلیس ناوشار بپارێزێت و کۆتایی بەداگیرکاری سوپا و حەشدی شەعبی بێت، لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆری خانەقین و جەلەولا و سەعدییە و مەندەلی ئاوارەن و ھێشتا نەگەڕاونەتەوە، ئەگەر دۆخەکە لەباربێت ئەوانیش دەگەڕێنەوە.
حەیدەر باسی لەوەشمکرد: یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئاساییبوونەوەی دۆخی خانەقین ئەوەیە بارەگاکانی پارتی بگەڕێتەوە بۆ خانەقین، چونکە لەڕووی دەروونی کاریگەری لەسەر خەڵکی خۆمان ھەیە و داواکارن بگەڕێینەوە، ھەرچەندە ڕێککەوتن ھەبوو پێش ھەڵبژاردن بگەڕێینەوە بەڵام دواکەوت و ئێستا لەگەڵ مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە بەغدا لەسەر خەتین بۆ ئەوەی بەزووترین کات بارەگاکانی ئێمە بگەڕێنەوە بۆ خانەقین و دەوروبەری، ژمارەیەک بارەگامان ھەیە چەند بارەگایەک لەناو خانەقینن، سێ لیژنەی ناوچەش لە دەرەوەی خانەقینن.
بڵند ئیبراھیم




