پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دانا

دھۆك-KDP.info- لە پارێزگای دھۆك بەردی بناغە بۆ چەندین پڕۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری دانرا. پارێزگار دەڵێت، بە گوژمەی زیاتر لە 50 ملیار دیناریش یاریگایەکی وەرزشی دروست دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆمەڵگەی "تەناھی"ـی سنووری پارێزگای دھۆك، بە گوژمەی زیاتر لە 20 ملیار دینار بەردی بناغە بۆ دروستكردنی چوار رێگای سەرەكی دانرا.
لەوبارەوە عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆك لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دروستكردنی ئەو رێگهیانە رۆژھەڵات و رۆژئاوای دھۆك بەیەكەوە دەبەستێتەوە و سوودی زۆری بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاکە دەبێت.
پارێزگاری دھۆك لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتیشی، بە گوژمەی 50 ملیار و 500 ملیۆن دینار دروستكردنی یاریگایەكی وەرزشی لە سێمێل دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بە گوتەی عەلی تەتەر، لە ساڵی 2024، ژمارەیەکی دیکەی پڕۆژەی گەورەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگای دهۆک دەکرێنەوە و بەردی بناغە بۆ چەند پڕۆژەیەکی دیکەش دادەنێن. ئاماژەی بەوەش کرد، لەمساڵدا گرنگیی تایبەت بە هەردوو کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵ دەدەن.




