حوسێن قائیدی: ئەو ٤١ رووفاتەی ئەمڕۆ خەڵکی گوندی کۆجۆ و حەردان بوون

شنگال-KDP.info- ئەمڕۆ لە قەزای شنگاڵ رووفاتی ٤١ کوردی ئێزدی بەخاکسپێردران و بەرپرسی نووسینگەی ڕفێندراوانی کوردی ئێزدیش دەڵێ، ھێشتا ٣٧ گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە ھەڵنەدراونەتەوە و حکوومەتی فیدڕاڵ کەمتەرخەمە بەرامبەر بە پرۆسەی ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکراوانی ئێزدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ھێرشەکەی تیرۆرستانی داعش بۆسەر شنگال ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتیانی سڤیل ڕفێندران و ژمارەیەکیش شەھید و زیندە بەچاڵکراون، دوای ئازادکردنی ئەو ناوچانە و گەڕان بەدوای گۆڕی بەکۆمەڵدا توانراوە تا ئێستا ٩٢ گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی بدۆزرێنەوە، لەو ژمارەیە تا ئێستا تەنیا ٥٥ گۆڕی بەکۆمەڵ لەلایەن حکوومەتی عێراق و تیمە نێودەوڵەتیەکان ھەڵدراونەتەوە".
بەرپرسی نووسینگەی ڕفێندراوان گوتیشی: "ئەو گۆڕانەی تا ئێستا ھەڵدراونەتەوە ٧٠٠ رووفاتیان تێدابووە و تەنیا ٢٤٢ رووفات ڕادەستی کەس و کاریان کراون، ئەو ٤١ رووفاتەی ئەمڕۆ بە خاکسپێردراون خەڵکی گوندی کۆجۆ و حەردان بوونە".
حوسێن قائیدی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "لە ئێستادا ٣٧ گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵ ماون ھێشتا کاریان تێدا نەکراوە بۆ ھەڵدانەوەیان، داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان دەکەین پەلە بکەن لە ھەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی، چونکە کەمتەرخەمی ھەیە لە ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان".
قائید میرۆ




