٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خۆپێشانده‌رانی شێخان بۆ KDP: ھێرشە مووشەکیەکان نامانترسێنن و لاوازمان ناکەن

سەرچاوە: KDP.info

شێخان-KDP.info- ئەمڕۆ لەقەزای شێخان بە بەشداری ھەموو پێکھاتە و چینوتوێژەکانەوە خۆپێشاندانێکی فراوانیان لەژێر دروشمی مووشەکەکان نامانترسێنن و لاوازمان ناکەن ئەنجامدرا و تێیدا بەتوندی ئیدانەی ھێرشە مووشەکیەکەی سەر ھەولێریان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.

مامۆستا عوبێد یوسف، بەشداربووی خۆپێشاندانەکە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ بەشداریمان لەم خۆپێشاندانە کردووە بۆ ئیدانەکردنی ھێرشی مووشەکی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بەبێ پاساو، بۆیە ھیوادارین ئەو مووشەکانە بوەستێنن، چونکە ھیچ کات ناتوانن ئیرادەی ئێمە بشکێنن و ئێمە بە ئەنفال و کیمیابارانکردن سازشمان نەکردووە بەو جۆرەش نایکەین، بۆیە ھیوادارین حکوومەتی عێراق بەجددی بێتە سەرخەت و ئەو جۆرە ھێرشانە دووبارە نەبنەوە و لایەنەکانی کوردیش لە ناوخۆ یەک ھەڵوێست بن".

لای خۆشیەوە ھاووڵاتیەکی دیکە بەناوی ئەحمەد قادر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ڕێگەی ئەو خۆپێشاندانانە پێشانی ھەموو جیھانی دەدەین ئەوەی کراوە شەھیدکردنی خەڵکی سڤیل و کردنە ئامانجی شوێنی مەدەنییە لە ھەولێر، بۆیە ھیچ پاساوێک نیە ئەو ھێرشانە بکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان و پێویستە ئەو ھێرشانە ڕابگیرێت و چیتر ھێرشی سەر ھەرێمی کوردستان نەکرێت، بەڵام دوژمنانی کورد ھەمیشە چاویان بەپێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان ھەڵنایەت، بۆیە بەردەوام دەیانەوێت ھەرێمی کوردستان لاواز بکەن ئەوەش مەحاڵە".

لەو خۆپێشاندانە چەندین پەیام و وتاری جۆراوجۆر بۆ ئیدانەکردنی ھێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان پێشکەش کران، کە خەڵکێکی یەکجار زۆر بەشداری لەو خۆپێشاندانە کردبوو.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار