٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەكات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.

لەو دیدارەدا كە كونسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی بەریتانیا دووبارە سەرەخۆشی خۆی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بۆ كارەساتی موشەك بارانە بێ بنەماكەی سەر هەولێر كە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامدرا و بووە هۆی شەهید و بریندار بوونی ژمارەیەك هاووڵاتی سڤیل، لەم بارەیەوە هەڵوێستی فەرمی حكوومەتی بەریتانیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند كە دژی ئەم جۆرە كردەوانەن بە تایبەت كە خەڵكی سڤیل و بێ تاوان بكرێتە ئامانج.

هەر لەو دیدارەدا باس لە بارودۆخ و دواپێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی ناوچەكە و عێراق كرا، هەروەها تیشك خرایە سەر كارەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی ڕاستییەكان كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق پێكهێنراوە بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە و دەرخستنی ڕاستییەكان لەسەر ئەم رووداوە. 

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی باڵیۆز و حكوومەتی بەریتانیای كرد، و دووبارە نیگەرانی خۆی دەربڕی بەو كردەوە نا مرۆڤانەی بەرانبەر خەڵكی هەرێمی كوردستان كرا، و پێزانینی هەبوو بۆ هەوڵەكانی محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ بۆ وەرگرتنی هەڵوێست و بەدواداچوونی جددی لەسەر ئەم پرسە.

پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و بارودۆخی ئەمنی دەشتی نەینەوا و شنگال و گرنگی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال  تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار