ئەمساڵ ١٢ پڕۆژەی وەبەرھێنان بە سەرمایەی ٦٥ ملیۆن دۆلار مۆڵەتیان پێدەدرێت.
__2024_01_23_h16m57s4__ER.jpg)
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەمساڵ مۆڵەت بە ١٢ پڕۆژەی وەبەرھێنان دەدرێت، سەرمایەی پڕۆژەکانیش ٦٥ ملیۆن دۆلارە، دەشڵێ: وەبەرھێنانی زاخۆ ٢٨ پڕۆژەی دیکە ڕادەگەیەنێ بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران ئەنجامیان بدەن.
جەگەرخوین تاھر، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پێداچوونەوەی کۆتایی بۆ ١٢ پڕۆژەی وەبەرھێنان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کراوە و مۆڵەتیان پێدەدرێت، سەرمایەی ئەو ١٢ پڕۆژەیە ٦٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە، لەوانەش دوو پارکی مۆدێرن و پڕۆژەیەکی وەرزشی و پڕۆژەیەکی تەندروستی و چەندانی دیکە.
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ دەشڵێت: ئێمە ٢٨ پڕۆژەی دیکەمان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی ڕایانبگەیەنین، ھەر وەبەرھێنەرێک بیەوێ بەشداربێت لە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە دەتوانێت داواکاری پێشکەش بکات، ئەو پڕۆژانەی ڕایاندەگەیەنین زۆربەی کەرتەکان لەخۆ دەگرێت.
جەگەرخوین تاھر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەپێی پلانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ بۆ ئەمساڵ گرینگی بە ستانداردکردنی پڕۆژەکان دەدرێت، لە ھەموو پڕۆژەکانی وەبەرھێنان بەپێی ستانداردی جیھانی سیستمی پاراستنی پڕۆژەکان لە بوومەلەرزە و ڕێوشوێنی تایبەت بە کەمئەندامان دەگرینەبەر، ھەروەھا کاردەکەین بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی لە زاخۆ زیاد بکرێت.
قائید میرۆ




