٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەشوان حوسنی: ئەمساڵ بە گوژمەی شەش ملیار دینار پڕۆژە لە ئەتروش جێبەجێ دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێوەبەری ناحیەی ئەتروش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ساڵی ڕابردوو بە گوژمەی زیاتر یەک ملیار دینار پڕۆژە لە سنووری ناحیەی ئەتروش جێبەجێکراون و ئەمساڵیش بە گوژمەی شەش ملیار دینار پڕۆژەی تێدا جێبەجێدەکرێن.

نەشوان حوسنی، بەڕێوەبەری ناحیەی ئەتروش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ساڵی ڕابردوو لە سنووری ناحیەی ئەتروشی سەر بە قەزای شێخان بە گوژمەی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینار پڕۆژە لەبوارە جیاوازەکان جێبەجێکراون، پارەکە لەسەر بودجەی پارێزگای دھۆک بووە و بەشێک لە پڕۆژەکان تەواوبوونە و بەشێکی دیکەیش کاری تێدا دەکرێت.

بەڕێوەبەری ناحیەی ئەتروش گوتی: ئەمساڵ بودجەیەکی تایبەت بۆ قەزای شێخان دانراوە و ڕەزامەندی دراوە بە گوژمەی شەش ملیار دینار پڕۆژە لە ناحیەی ئەتروش جێبەجێ بکرێن، پڕۆژەکانیش زیاتر خۆیان لە ئاو، کارەبا و ڕێگاوبان دەبینێتەوە، ڕێگای سەرەکی بەنداوی خنسیش دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

نەشوان حوسنی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ناحیەی ئەتروش پێگەیەکی ستراتیژی ھەیە لەڕووی کشتوکاڵ و سامانی سرووشتی، بۆیە لەسەر  نەخشەی وزە پێگەیەکی دیاری ھەیە لە ھەرێمی کوردستان و چەندین کۆمپانیا کاریان تێدا کردووە.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار