٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەم ھەفتەیە کۆنفرانسێک بە بەشداری ١٥٠ کۆمپانیا لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_ سەرپەرشتیاری کۆنفرانسی وەبەرھێنانی خانووبەرە و سێکتەری نیشتەجێبوون گوتی: لەم ھەفتەیە کۆنفرانسی وەبەرھێنانی خانووبەرە و سێکتەری نیشتەجێبوون بە بەشداری ١٥٠ کۆمپانیا و میوانی وڵاتان و نوێنەری ١٠ وەزارەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
سەرپەرشتیاری کۆنفرانسی وەبەرھێنانی خانووبەرە و سێکتەری نیشتەجێبوون، عەلی ئیبراھیم حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە کۆنفرانسی وەبەرھێنانی خانووبەرە و سێکتەری نیشتەجێبوون لە ھەولێری پایتەخت بەڕێوەبچێت، ٣٥٠ کۆمپانیا داوایان کردووە بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن، بەڵام شوێنی کۆنفرانسەکە بۆ ١٥٠ کۆمپانیایە، بۆیە ١٥٠ کۆمپانیا بەشدارییان کردووە، کۆمپانیا گەورەکانی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق بەشداری و میوانی وڵاتی ئیمارات و بەریتانیا و تورکیا بەشداری دەکەن،  بە بەشداری نوینەری ١٠ وەزارەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆنفرانسەکە یەک ڕۆژ دەخایەنێت و چوار پانێل لەخۆ دەگرێت، یەکەم پانێل باسی نێوەندگیری و ڕاوێژکاری پیشەی خانووبەرە دەکات، پانێلێکی دیکە باسی گەشەپێدانی دروستکردنی خانووبەرە و نیشتەجێبوون دەکات، پانێلێکیش باسی مارکێتینگ و دیجیتەڵ مارکێتینگ دەکات، دوا پانێلیش باسی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان دەکات.
عەلی ئیبراھیم حەسەن گوتیشی: کۆنفرانسەکە ساڵانەیە و بڕیارە لەچەند ناوچەیەکی دیکەی ھەرێمی کوردستان ئەو کۆنفرانسە بەڕێوەبچێت کە زۆر گرنگن بۆ ھەرێمی کوردستان و دەبنە دەرفەتێک بۆ کۆمپانیاکان، ھۆڵی تایبەت دانراوە بۆ ئەوەی لە کۆنفرانسەکە نوێنەرانی حکوومەت و کۆمپانیاکان چاوپێکەوتنیان ھەبێت و لە کەمترین کات زۆرترین دیدار ئەنجامبدرێت.
دەشڵێت: بەرنامەمان ھەیە بۆ ساڵانی داهاتوو کۆنفرانسەکە فراوانتر بکرێت و کۆمپانیا جیھانییەکانیش بێن بەشداری بکەن، بۆ ئەوەی پەیوەندی زیاتر لە نێوان کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان لە ھەرێمی کوردستان دروست بێت.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار