حکوومەت و پەرلەمانی عێراق لەبارەی ھێرشەکانی ئیران بۆ سەر ھەرێم کۆدەبنەوە
__2024_01_23_h15m34s35__ER.jpg)
بەغدا _KDP.info_ جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی: لەم ھەفتەیە ڕاپۆرتێک لەبارەی ئەنجامی سەردانمان بۆ ھەولێر لەبارەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی بۆردوومانی ئیران بۆ سەر ھەولێر دەدەینە سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەبارەی ئەو ڕووداوە ئەنجامبدات، جگە لەوەش بڕیارە پەرلەمان و حکوومەت پێکەوە دانیشتن ئەنجام بدەن، چونکە ئەمجارە حکوومەتی عێراق باشتر ھاتۆتە سەر خەت دژی ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، سەگڤان سندی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای سەردانمان بۆ ھەولێر، لە نزیکەوە سەردانی شوێنی بۆردوومانەکەمان کرد، بڕیارە لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەکان کۆبوونەوە ئەنجام بدەین، ڕاسپاردەکانمان دەنووسین و لەڕێگەی ڕاپۆرتێک ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی دەکەین، دواتر پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام دەدات لەبارەی ئەو ھێرشانەی بەبێ هۆکار کراوەنەتە سەر ھەرێمی کودستان.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: ئێمە خۆمان لەنزیکەوە سەردانی شوێنی ڕووداوەکەمان کرد و بۆمان دەرکەوت ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی ھاووڵاتییەکی مەدەنییە و خەڵکی سڤیل و بێ تاوان بوونەتە قوربانی و شەھید و برینداربوونە، بۆیە بۆ ھەمووان ڕوونە ئەوەی ئێران باسی دەکات ڕاست نییە و سەرۆکی لیژنەش کە عەرەبە خۆی ئەوەی باس کرد، بۆیە ئەمە بەئاسانی تێناپەڕێت و زیاتر کاری لەسەر دەکرێت و ڕێکاری پێویست دەگیرێتە بەر.
سەگڤان سندی باسی لەوەش کرد: بڕیارە جگە لە بەدواداچوونەکانی ئێمە پەرلەمان و حکوومەتیش پێکەوە لەبارەی ئەو ڕووداوە دابنیشن، پەرلەمان بانگھێشتی بەرپرسانی ئەمنی حکوومەت دەکات، چونکە ئەمجارە حکوومەتیش لەگەڵ پەرلەمان ھاوکارە و بەراورد بە جاری پێشوو ھەڵوێستی توندترە، بۆیە ھەموو لایەک دژی ئەو ھێرشانە بەتووندی ھاتوونەتە سەر خەت، ئومێد دەکەین ئەنجامی باشی ھەبێت و بڕیاری پێویست بدرێت بۆ ئەوەی ئەو جۆرە ھێرشانە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دووبارە نەبنەوە.
بڵند ئیبراھیم




