پارتی لە نەینەوا و کەرکووک دەست بە دانوستان دەکات

ھەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی دوێنێ ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پەسەندکرا، گوتەبێژی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەتوانن یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان بکەن و پارتیش لە نەینەوا و کەرکووک دەست بە دانوستان دەکات.
ھاوار محەممەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەڕووی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەتوانن دەست بە کۆبوونەوەی خۆیان بکەن، بەڵام پێویستی بە ڕێککەوتن ھەیە بۆ ئەوەی پارێزگار دیاری بکرێت، بەتایبەتی لە ھەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکووک، ھیچ لایەنێک ناتوانێت بەتەنیا پارێزگار دیاری بکات و پێویستی بە ڕێککەوتنی کوتلەکانی ئەنجوومەنی پارێزگایە".
محەممەد دەشڵێت: "پارتی لە ھەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکووک دەست بە دانوستان دەکات بۆ ئەوەی ھاوپەیمانی دروست بکات بۆ دیاریکردنی پارێزگار و حکوومەتی خۆجێی ھەردوو پارێزگاکە".
ھاوار محەممەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "مەرج نییە لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن پارێزگار دیاری بکرێت، تەنیا بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەن کۆبوونەوەی یەکەم بەڕێوەدەبات تا سەرۆک و جێگری ئەنجوومەن دیاری دەکرێن، دواتر پارێزگار لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە دیاری دەکرێت، بەڵام پێویستی بە ڕێککەوتن ھەیە، چونکە ھیچ لایەنێک نەیتوانیوە بەشی ئەوەندە کورسی مسۆگەر بکات پارێزگار دیاری بکات".
قائید میرۆ




