٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دکتۆر ناسح غەفور: بارزانی نەمر لەسەرەتا تاکۆتایی دامەزراندنی کۆماری کوردستان ڕۆڵێکی سەرەکی ھەبوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_ سیاسەتمەدارێکی کورد باس لەوە دەکات: لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا کۆماری کوردستان دامەزرا، ئومێدێکی گەورەی بە گەلی کورد دا  و دەنگدانەوەیەکی نێودەوڵەتی ھەبوو و یەکەم جار بوو کورد بە فەرمیی  کۆماری کوردستان دابمەزرێنێت، بارزانی نەمر ڕۆڵێکی سەرەکی لە دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا ھەبوو، دواتریش پێشەوا قازی محەمەد ئاڵای کوردستانی بە ئەمانەت دایە دەست بارزانی نەمر  کە ئێستا لە ھەموو ناوچەکان دەشەکێتەوە.

سیاسەتمەداری کورد، دکتۆر ناسح غەفور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە ٢٢/١/١٩٤٦ لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا ٧٨ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە کۆماری کوردستان لە مەهاباد دامەزرا، ئەمڕۆ لەمێژووی کورد ڕۆژێکی پرشنگدارە، ئەو ڕۆژەیە قازی محەمەد و بارزانی نەمر و یاوەرانیان کۆماری کوردستانیان لە مەھاباد ڕاگەیاند، ھەرچەندە تەمەنی ١١مانگ بوو و بە پیلانی شای ئێران و نەبوونی پشتیوانی ھێزی نێودەوڵەتی و خیانەتی ناوخۆیی تەمەنی درێژ نەبوو، بەڵام یەکەم جاربوو بە فەرمیی بەو شێوەیە  کۆماری کوردستان دابمەزرێت و ھەموو وەزارەت و دامودەزگاکان لەخۆ بگرێت، دەنگدانەوەی باشی بۆ ورەی خەڵکی کورد ھەبوو و زیاتر ھاندەربوو لە پارچەکانی دیکەی کوردستان درێژە بە خەباتی کوردایەتی بدرێت، بەتایبەت لە باشووری کوردستان و لەو ساڵەدا پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا، ئەمە خۆی گرینگی زۆری ھەبوو، بۆیە بوژانەوە و ئومێدی دا بە خەڵکیکوردستان لە ھەرچوار پارچە، بۆیە بیرەوەریەکی مێژووییە بۆ نەتەوەی کورد و جێگەی شانازی ھەموو تاکێکی کوردە.

دکتۆر ناسح غەفور گوتیشی: بارزانی نەمر خۆی یەکێک بوو لە دامەزرێنەرە سەرکییەکانی کۆمارەکە و سوپاسالار بووە لەکاتی ڕاگەیاندن و بەرگریکردن لە کۆمارەکە و تا کۆتایی  ڕۆڵی ھەبوو، بارزانی نەمر لەگەڵ ئەوە بوو پێشەوا قازی محەمەد دەستگیر نەکرێت و بەرگری بکەن، بەڵام دواتر دەستگیر کرا و کۆتایی بە کۆماری کوردستان ھات.

غەفور باسی لەوەش کرد: پەیوەندییەکی کوردانە لەنێوان قازی محەمەد و بارزانی نەمردا ھەبوو و ئاڵای کوردستانی بە ئەمانەتەوە دایە بارزانی نەمر و باس لەوە کرا پێویستە ئەو ئاڵایە ڕۆژێک لە کوردستان بشەکێتەوە کە ئەمڕۆ ئاڵای کوردستان لە ھەموو شوێنەکان دەشەکێتەوە، بۆیە ڕۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی کورد و پێویستە ھەمووان شانازی پێوە بکەن.
دەشڵێت: بۆ ئەو یادە ئەم شیعرەشم نووسیووە:

یادی دووی ڕێبەندان

یادی شکۆدار لە دووی ڕێبەندان
جێی شانازییە بۆ گشت سەرمەندان
ھەر پڕ ڕێبوارە ڕێگەی کۆڵنەدان
بۆ نەھێشتنی کەلەپچە و زیندان
-----------
سڵاو لە قازی و مستەفای بارزان
لە دوو پێشەوای دڵسۆز و کارزان
بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی ژیان
ناوبانگی کوردیان گەیاندە جیھان

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار