د.خالید ڕێکانی: سەرەتای مانگی داھاتوو شاندێکی ھەرێم سەردانی فەرەنسا دەکات
__2024_01_22_h17m0s2__ER.jpg)
بڕیارە سەرەتای مانگی شوبات شاندێکی ھەرێمی کوردستان کە لە ژمارەیەک کەسایەتی پێکھاتووە بەمەبەستی بەجینۆساید ناساندنی کەیسی کوردانی ئێزدی سەردانی فەرەنسا بکات.
د.خالید ڕێکانی، پەرلەمانتاری عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیارە لەسەرەتای مانگی شوبات شاندێکی ھەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی فەرەنسا بکات، شاندەکە لە چەندین کەسایەتی ھەرێمی کوردستان پێکھاتووە، لەوانەش میر حازم بەگ میری کوردانی ئێزدی، د. پشتیوانی سادق وەزیری ئەوقاف و چەندین کەسایەتی دیکە، بەندەش ئەندامی شاندی ھەرێمی کوردستانم بۆ وڵاتی فەرەنسا.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: شاندەکە پڕۆژەیەکی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی ئەو کارەساتەی بەسەر کوردانی ئێزدیدا ھاتووە لەلایەن وڵاتی فەرەنسا و پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا بەجینۆساید بناسێنن، پڕۆژەکەی ئێمە بە وردی تیشکی خستووەتە سەر ئەو ھەموو نەھامەتی و کارەساتەی لە سەردەمی شەڕی تیرۆرستانی داعش بەسەر کوردانی ئێزدیدا ھاتووە.
د.خالید ڕێکانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: چوونی شاندی ھەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر بەجینۆساید ناساندنی کەیسی کوردانی ئێزدی لەلایەن فەرەنسا و وڵاتانی ئەوروپا دەبێت، چونکە لەو گەشتەدا چەندین کۆبوونەوە و دیدار و چالاکی گرینگ لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی فەرەنسا ئەنجام دەدرێن.
قائید میرۆ




