٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ئایندەیەکی نزیکدا قیستی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان دەکرێتە دیناری عێراقی

سەرچاوە: KDP.info

گوتەبێژی دەستەی گشتی وەبەرھێنان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: سەرۆکی دەستە لەگەڵ وەبەرھێنەران گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی قیستی پارەی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە دۆلارەوە بکرێتە دیناری عێراقی و گوتیشی: لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.

بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی گشتی وەبەرھێنان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەرۆکی دەستە لەگەڵ وەبەرھێنەرانی کوردستان گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی قیستی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە دۆلارەوە بکرێتە دیناری عێراقی، بۆ ئەو بەمەستە بەرامبەر بە ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی پارەیەکی دیاری کراوە و لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا بڕیارەکە ڕادەگەیەندرێت و ھاووڵاتییان دەتوانن بە پارە قیستی پڕۆژەکان بدەن.

گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنان دەڵێت: نرخێک دیار کراوە بۆ دۆلار نرخێکی زۆر گونجاوە لەبەرژەوەندی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە، چونکە سیاسەتی سەرۆکی حکوومەت و دەستەی وەبەرھێنانیش ئەوەیە ھەر بڕیارێک بدرێت لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییاندا بێت، بەڵام بێگومان وەبەرھێنەرانیش چینێکی گرینگی ھەرێمن و نابێت زیان بەوانیش بگات.

بەرگەشت ئاکرەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەستە چاوەڕێی حکوومەتی فیدڕاڵە تا بزانین ئەوان کۆتا بڕیاریان لەبارەی دۆلارەوە چی دەبێت، دوای گەیشتنی بڕیاری بەغدا لە ھەرێمی کوردستان بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردن.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار