کاڤین شێخ حەسەن: بە ھەوڵی فڕاکسیۆنی پارتی چەندین پڕۆژە لە شێخان جێبەجێ دەکرێن
__2024_01_22_h16m43s23__ER.jpg)
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بە ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای شێخان و ناوچە کوردستانییەکان جێبەجێ دەکرێن و لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕێگایەکی سەرەکی دەچێتە بواری جێبەجێکردن.
کاڤین شێخ حەسەن، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ڕێگای "باعەدرێ - ئیسیان" یەکێکە لە ڕێگە گرینگەکانی سنووری قەزای شێخان و خەڵکێکی زۆر ئاستەنگی ھاتوچۆیان ھەبوو، بەڵام دوای ھەوڵێکی زۆر توانیمان ڕەزامەندی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە وەربگرین، عەبدولقادر دەخیل پارێزگاری نەینەوا ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەی "باعەدرێ - ئیسیان".
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت: ڕێگاکە لە باعەدرێ بۆ بریستک و ئیسیان دروستدەکرێت و لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا دەچێتە بواری جێبەجێکردن، دوای تەوابوونی ئاستەنگی ھاتوچۆ نامێنێ و کاریگەری لەسەر ڕەوشی ھاتووچۆ دەبێت لەو سنوورە.
کاڤین شێخ حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ساڵی ڕابردوو توانیمان ڕەزامەندی بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە لە بوارەکانی وەرزش، ئاو، کارەبا و ڕێگاوبان بەدەست بێنین لەسەر بودجەی حکوومەتی فیدڕاڵ، ژمارەیەک لەو پڕۆژانە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن، بەردەوامیش دەبین بۆ گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناوچە کوردستانییەکان.
قائید میرۆ




