٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چینوتوێژەکان: بەردەوام دەبین لە دەنگھەڵبڕین دژی ھێرشی سەر ھەرێم

سەرچاوە: KDP.info

ئاکرێ _KDP.info_  ئەمڕۆ لە قەزای ئاکرێ بە بەشداری چینوتوێژەکانی ئاکرێ و بەردەڕەش خۆپیشاندانێکی فراوان ئەنجامدرا و تێیدا خۆپیشاندەران سەرکۆنەی ئەو ھێرشەیان کرد و ڕایانگەیاند: تەنیا بەھۆی کوردبوونە ئێران ھێرشدەکاتە سەر خەڵکی سڤیل و شەھید و برینداریان دەکات، بۆیە بەردەوام دەبین تا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دێتە دەنگ و ھەڵوێستی دەبێت.

مەلا قادر، پێشمەرگەی ھەردوو شۆڕشی ئەیلول و گوڵان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ ھاتووین بەشداری لەو خۆپیشاندانە بکەین بۆ ئیدانەکردنی ئەو ھێرشانەی ئێران کردوویەتییە سەر  ھەولێر، چونکە ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ناوچەیەکی ئارام بووە و مەترسی نەبووە بۆ ھیچ  وڵاتێک، ئەگەر ئەوان مەبەستیان ئیسرائیلە شوێنی ئەوان دیارە، بۆیە داوا لە ھەموو لایەنەکان و خەڵکی کوردستان دەکەم پێکەوە یەکدەنگ بن و بەرگری لە خاکی کوردستان بکەن و ڕێگە نەدەن چیتر ھێرش بکرێتە سەر ھەرێمی کوردستان، ئەرکی ھەموومانە بەرگری لە خاک و نیشتمانی خۆمان بکەین لە بچووک تا گەورە.
لای خۆشیەوە گەنجێکی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە بەناوی ئەحمەد محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: شەھیدکردنی ژینا پێشڕەو تەنھا بەھۆی کوردبوونەوەیە و ھیچ پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە نییە، بۆیە جێگەی شەرمەزارییە منداڵێکی وا بێتاوان و خەڵکی سڤیل بکرێنە ئامانج، ھەرێمی کوردستان ھیچ کات خۆی ڕادەستی ھیچ لایەک نەکردووە و ھەمیشە فاکتەرێک بووە بۆ سەقامگیری ناوچەکە، بۆیە داوا لە وڵاتان دەکەین بێنە سەرخەت و چیتر ڕێگە نەدەن ئەو بۆردوومانانە بەردەوام بن.
ھاووڵاتییەکی دیکە بەناوی ڕەوەز گۆران باسی لەوە کرد: ئەوخۆپیشاندانانە پێویستە بەردەوام بن و دەنگ ھەڵبڕین تاوەکو  کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دێتە سەر خەت و ھەڵوێستی جدی دەبێت و چیتر ڕێگە نادەن لە ھەرێمی کوردستان بۆردوومانی خەڵکی سڤیل بکەن، بۆیە ئەو خۆپیشاندانە وەڵامێکە بۆ ئیران کە چیتر قبوڵ ناکەین ھێرشمان بکەنە سەر و خەڵکی سڤیل بکەنە قوربانی.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار