٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.زێدا کەریم: ڕۆژژمێری کشتوکاڵی بۆ ئەمساڵ ئامادە دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێوەبەری گشتی پلاندان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: وەزارەت خەریکی ئامادەکردنی ڕۆژنامەی کشتوکاڵییە بۆ ئەمساڵ، لەگەڵ بەغداش گەیشتووینەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی لەکاتی پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆ بەرھەمی دەرەوە قەدەغەبکرێت.

د.زێدا کەریم، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: وەزارەت خەریکی ئامادەکردنی ڕۆژژمێری کشتوکاڵییە بۆ ئەمساڵ و بەپێی خشتەی ڕۆژنامەکە ھەر کاتێک بەرھەمی ناوخۆ پێگەیشت لەبەرامبەردا ھاوردەکردنی بەرھەمی بیانی قەدەغە دەکرێت بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر بەرھەمی ناوخۆ نەبێت و زیان بە جووتیاران نەگات.

بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی: لەگەڵ بەغدا گەیشتووینەتە ڕێککەوتن بۆ یەکخستنی ڕۆژژمێری کشتوکاڵی ھەرێم و عێراق، لە ساڵی ڕابردوو شاندی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە و لەسەر بەرھەمی کشتوکاڵی ڕێککەوتووین، لە کۆبوونەوەکانی داھاتوو لەسەر بەرھەمی ئاژەڵیش دەگەینە ڕێککەوتن، ئەگەر بەرھەمی عێراق بەشی بازاڕی ناوخۆی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکات بەرھەمی بیانی قەدەغە دەکرێت و بەپێچەوانەوە ئەگەر بەرھەمی ھەرێم پێگەیشت بەغداش ھاوردەکردنی بەرھەمی بیانی قەدەغە دەکات.

د.زێدا کەریم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئێستا بەرھەمی تەماتەی ناوچەکانی باشووری عێراق پێگەیشتووە و بەشی بازاڕی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش دەکات، لەبەر ئەوەیش وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ھەناردەکردنی بەرھەمی تەماتە لە دەرەوە قەدەغە بکات، ئەو ھەماھەنگییەی نێوان ھەرێم و بەغداش هەنگاوێکی باشە. 

هەواڵی پەیوەندیدار