٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کوێستان ئەحمەد: زێی گەورە لە خەبات دەکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاری

سەرچاوە: KDP.info

قایمقامی قەزای خەبات ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لەڕێگەی دەستەی گشتی وەبەرھێنانەوە زێی گەورە لە خەبات دەکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاری، دەشڵێ: گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی بۆ ئەوەی ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرھێنان لەسەر لێواری زێی گەورە ئەنجام بدرێن.

کوێستان ئەحمەد، قایمقامی خەبات بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی بەرچاوی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای خەبات جێبەجێکراون، بەڵام نەبوونی بودجە لە ساڵی ڕابردوودا وایکرد نەتوانین پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ بکەین، بەڵام چەندین پڕۆژەی ئاو، شەقام، ئاوەڕۆ و کارەبا لە قەزای خەبات جێبەجێکراون بۆ ئەمساڵیش پلانی خۆمان بەرز کردووتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار و ڕۆژانەش بەدواچوون بۆ پڕۆژەکانی خەبات دەکەین.

قایمقامی خەبات گوتیشی: بڕیار وایە زێی گەورە لە سنووری قەزای خەبات بکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاری، لە ڕێگەی دەستەی وەبەرھێنانەوە پلانمان داوەتە حکوومەت کە شوێنی گونجاو ھەیە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان لەسەر زێی گەورە، ئێستا چەندین بەڵێندەر سەردانی شوێنەکەیان کردووە و داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە، دەستەی وەبەرھێنان ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی خەبات بکرێتە ناوچەی گەشتیاری.

کوێستان ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لەگەڵ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان لەسەر زێی گەورە قەزای خەبات دەچێتە قۆناغێکی دیکەی پێشکەوتن و بووژانەوەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێ، گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی بۆ ئەوەی سنووری زێی گەورە بکرێتە ناوچەیەکی بەرفراوانی گەشتیاری.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار