دۆسیەی ئەمنی ڕادەستی پۆلیس دەکرێتەوە و پارتیش بارەگای خۆی لە دوزخورماتوو دەکاتەوە

دوزخورماتوو _KDP.info_ بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد: بڕیاردراوە دۆسیەی ئەمنی دوزخورماتوو ڕادەستی ھێزی پۆلیس بکرێتەوە، ئێمەش خەریکی ڕێکارەکانین و لەماوەیەکی نزیکدا بارەگای خۆمان دەکەینەوە، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
بەختیار ھیجران، کارگێری لقی ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان و بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوزخورماتوو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە دۆسیەی ئەمنی بدرێتە پۆلیسی ناوخۆیی و تا ئێستا ئەمە لە شەش پارێزگاش جێبەجێکراوە، لە دوزخورماتووش جێبەجێ دەکرێت، بەڵام بەداخەوە لە پۆلیس تەنیا پۆستێک دراوە بە کورد و ئێمە ئەفسەرمان لە پۆلیس کەمە، بەڵام ھەر باشە دۆسیەی ئەمنی لەدەستی پۆلیس دابێت، چونکە پێشتر لەدەست میلیشیادابوو دواتر درا ھێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا و دواتر درا دەست سوپا و ئێستا دەدرێتەوە ھێزەکانی پۆلیسی ناوخۆ.
بەختیار ھیجران گوتیشی: ئەمە زۆر باشە بۆ کورد و دۆخی ئەمنی باشتر دەبێت، چونکە ئێمە ئاوارەیەکی زۆرمان ھەیە و تەنیا خەڵکی پارتی ١٧٠ ماڵ ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە، بۆیە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە. ھیجران باسی لەوەش کرد: بڕیاردراوە پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوزخورماتوو بارەگای خۆی وەربگرێتەوە و بەفەرمیی بیکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش خەریکی ڕێکارەکانین و بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ قایمقامی دوزخورماتوو کۆببینەوە بۆ ئەوەی وادەیەک بۆ کردنەوەی بارەگاکەی خۆمان دیار بکەین و بە فەرمیی وەکو پارتی بگەڕێینەوە بۆ دوزخورماتوو.
بڵند ئیبراھیم




