شارەوانی ھەولێر: بەگوژمەی زیاتر لە ٣ملیار دینار پڕۆژە لە جێبەجێکردن دان.
_(7)__2024_01_21_h15m43s57__ER.jpg)
ھەولێر _KDP.info_ سەرۆکی بەشی ھونەری لە سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر گوتی: ئەنجامدانی پڕۆژە لە پارێزگای ھەولێر بەردەوامە و زیاتر پڕۆژە لەو ناوچانە ئەنجام دەدەین ھەژار نشینن و کەمتر خزمەتگوزارییان بۆ دابینکراوە، ئێستا بە گوژمەی زیاتر لە ٣ملیار دینار پڕۆژە لەبواری جێبەجێکردن دان.
ڕازان خەلیل عوسمان، سەرۆکی بەشی ھونەری لە سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەو پڕۆژانەی لە ساڵی ٢٠٢٣ لەسەر داھاتی سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان جێبەجێ کراوە ٤٢٩ پڕژەیەن بە گوژمەی ٥٩ملیار و ٩٤٥ملیۆن دینار کە پڕۆژەی جۆراوجۆرن وەکو قیڕتاوکردن و دروستکردن و نوژەنکردنەوە.
ڕازان خەلیل عوسمان گوتیشی: بۆ ئەمساڵیش بە گوژمەی ٣ملیار و ٩٢٣ ملیۆن دینار ١٢ پڕۆژەمان لە بواری جێبەجێکردندان، ئەوانیش قیڕتاوکردن و دروستکردن و نوژەنکردنەوە لەخۆ دەگرێت، بەپێی بودجەی بەردەست بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی پڕۆژەی تازە لە شوێنە جیاجیاکانی ھەولێر.
دەشڵێت: ئێمە زیاتر پڕۆژەکان لەو شوێنانە ئەنجامدەدەین کە ھەژار نشینن و دەکەونە باشووری ھەولێر و کەمتر خزمەتگوزارییان پێدەگات، بۆیە ھەوڵدەدەین لە ھەموو ناوچەکان پڕۆژە ئەنجام بدەین.
بڵند ئیبراھیم




