سەربەست لەزگین: هەموو کاتێک فاکتەرێکی سەقامگیری بۆ ناوچەکە بووینە

ههولێر-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە هەولێر رایدەگەیەنێت، بەردەوام ئێران بە پاساو و بیانووی 'درۆ و بێ بنەما' خەڵکی هەرێمی کوردستانی شەهید کردووە. دەشڵێت، "هەرێمی کوردستان هەرگیز بەشێک نەبووە لە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
ئەمڕۆ سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئامانجی ئەو هێرشانەی بەردەوام لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە یان مووشەکی بالیستییەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پەکخستنی فڕۆکەخانەکە و راگرتنی پڕۆسەی پێشکەوتن و ئاوەدانکردنی هەرێمی کوردستانە".
سەربەست لەزگین ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵمان داوە باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ دراوسێکانمان هەبێت. هەرگیز نەبووینەتە بەشێک لەو ناکۆکی و ململانێیانەی بەردەوام لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوون و ئێستاش هەن. هەموو کاتێک فاکتەرێکی سەقامگیری بۆ ناوچەکە بووینە".
بە گوتەی سەربەست لەزگین، "گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەیی نەرێنی لەسەر زۆرێک لە وڵاتان و لەنێویشیاندا هەرێمی کوردستان هەبووە. بەتایبەت لەم دواییانەدا هەندێک وڵاتی دراوسێ بە ئاشکرا بە بیانووی بێ بنەما هێرش و پەلاماری هەرێمی کوردستانیان دا".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ماوەی رابردوودا عێراق و ئێران رێککەوتنێکی ئەمنییان واژووکرد. هەرێمی کوردستان رۆڵێکی سەرەکی لە رێککەوتنەکەدا هەبوو. ئێمە لەرێگەی رێککەوتنەکەوە توانیمان مەترسی و نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان بڕەوێنینەوە و بارودۆخێکی نوێ هاتە کایەوە، بەڵام ئێران بە هەندێک بیانووی بێ بنەما و درۆ، خەڵکی سڤیلی ئێمە شەهید دەکات و وڵاتەکەمان مووشەک باران دەکات".




