٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێخ محەمەد گەزنەیی: ڕۆژی ٢٢ی مانگ دوا مۆڵەتە بۆ کەمئەندامان خۆیان تۆمار بکەن

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ڕۆژی ٢٢ی مانگ دوا وادەیە بۆ کەمئەندامان سەردانی لیژنەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بکەن بۆ پێداچوونەوە بە فۆرمی کەمئەندامان.

شێخ محەمەد گەزنەیی، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ماوەیەک پێشتر لیژنەیەکی دیوانی چاودێری دارایی بەغدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی کردووە و داوایان کردووە ھاوشێوەی بەغدا (بەرحایەتی) بۆ کەمئەندامان بکرێت، ئێستا پێداچوونەوە بە فۆرمی کەمئەندامان دەکرێت، لە سنووری ھەولێر زیاتر لە ٢٣ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت ھەن و تا ئێستا ١٥ ھەزار کەمئەندامی ھەولێر سەردانی لیژنەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی کردووە.
بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی ھەولێر گوتیشی: داوا لە کەمئەندامان دەکەین لەماوەی دیار کراودا سەردانی لیژنەکانمان بکەن، بەپێچەوانەوە مافیان نامێنێ، چونکە دوا مۆڵەت بۆ نوێکردنەوەی پێناسەکانیان ڕۆژی ٢٢ی مانگە بۆ تۆمارکردنی کەمئەندامان، ئەوانەشی ناتوانن سەردانی لیژنەکان بکەن ئەوە تیمەکانمان سەردانیان دەکەن لە ماڵەوە.

شێخ محەمەد گەزنەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پێنج شوێن دیارکراون بۆ وەرگرتنی کەمئەندامان لە ھەولێر و مەخموور و شەقلاوە و چەند شوێنێکی دیکە، تیمی تایبەت جێگیرکراون بۆ پێداچوونەوە بە ناوی کەمئەندامان، لە هەولێر زیاتر لەچوار ھەزار کەمئەندامی دیکە ھەموو ڕێکارەکانیان تەواوبوە و چاوەڕێی خەرجکردنی مووچەکانیان دەکەین.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار