٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھاووڵاتییانی دھۆک: ھێرشی سەر ھەولێر ھیچ بەھانەیەک ھەڵناگرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھاووڵاتییانی شاری دھۆک ھێرشەکانی سەر ھەولێر شەرمەزار دەکەن و چالاکوانێکی مەدەنیش پێی وایە، شەھیدکردنی ژن و منداڵ و بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل ھیچ بەھانەیەک ھەڵناگرێت و دەڵێ: پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئاست ئەو پێشێلکارییانە بێدەنگ نەبێت.

بێوار تەحسین، چالاکوانی مەدەنی لە شاری دھۆک بە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند:  ئێمە وەک ھاووڵاتییانی پارێزگای دھۆک ھێرشەکانی ئێران بۆسەر ھەولێر و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین و داواش لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکەین سنوورێک بۆ ئەو ھێرشانە دیار بکرێت و ڕێگە نەدرێت بەھۆی بەھانەی بێبنەما ئارامی شاری ھەولێر و خەڵکی سڤیل بکرێتە ئامانج، چونکە سەرۆک بارزانی فەرموویەتی بەو هێرشانە دەتوانن بمانکوژن، بەڵام ناتوانن ئیرادەی میللەت بشکێنن.

بێوار تەحسین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە خۆنیشاندانی ئەمڕۆی شاری دھۆک وێڕای شەرمەزارکردنی ھێرشەکانی سەر ھەولێر بەناوی ھاووڵاتییانی دھۆک یاداشتەکمان ئامادەکردووە و بەسێ زمان ئاراستەی پارێزگاری دھۆک کراوە بۆ ئەوەی دەنگی خەڵکی دھۆک بگەیەندرێتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی ئەو ھێرشانەی ئێران دەیکاتە سەر ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، چونکە تێکدانی ئارامی ھەرێمی کوردستان ھیچ بیانوویەک ھەڵناگرێت.

لای خۆشیەوە ئەڤین حوسێن، بەرپرسی لقی دھۆکی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: خەڵکی دھۆک دژی ئەو ھێرشانەیە بۆ سەر ھەولێر و خەڵکی سڤیلی ھەرێمی کوردستان کرەوە، ئێمە وەک ھونەرمەندان پەیامی ئاشتەوایی ڕادەگەیەنین بۆ ئەوەی چیتر ھیچ وڵات و گروپێک ڕێ بەخۆی نەدات ھاووڵاتییانی بێ تاوان و دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان بکاتە قوربانی، منداڵێک ھێشتا تەمەنی دوو ساڵی تەواو نەکردووە چ تاوانێکی ھەیە شەھید دەکرێت.

ئەڤین حوسێن ڕوونیکردەوە: ڕووی ناڕەزایەتی خۆمان لە حکوومەتی عێراق و پەرلەمان و سەرۆککۆمار دەکەین بۆ ئەوەی ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن لە پاراستنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندنی شەڕە لە دژی ھاووڵاتییانی سڤیل و تێکدان و پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار