داڤۆس کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان فراوانتر كرد

هەولێر-KDP.info- لە داڤۆس کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان و پشتیوانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر فراوانتربوون.
هێرشەکانی ئێران تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی وڵاتانی جیهان، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس.
هەمووان بە توندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێرانیان بۆ سەر هەولێر کرد و پشتیوانیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیان، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێشێلکردنی سەروەری عێراق و بە ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی سڤیل هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جاسم محەمەد ئەلبدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی ھاریکاریى کەنداو کۆبوونەوە و هێرشی سەر هەولێر و هەوڵەکانی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنە کرا.
سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لەگەڵ یان لیڤاسکی، وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک هێرشی ئێرانیان بۆ سەر هەولێر و کوشتنی خەڵکی سڤیلیان بە توندی سەرکۆنە کرد. وەزیری دەرەوەی چیک پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش هێرش و پەلامەرەکانی ئێرانیان سەرکۆنە کرد و ماکرۆن، پشتیوانی تەواوی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر هاوکاتبوو لەگەڵ دەستپێکی کۆڕبەندی داڤۆس، لەگەڵ دەستپێکی سەردانەکەی بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکە، مەسروور بارزانی چەندین کۆبوونەوەی چڕ و پڕی لەگەڵ سەرۆک و وەزیر و بەرپرسانی دیکەی وڵاتانی جیهان هەبوو هەمووان بە توندی هێرش و پەلامارەکانی ئێرانیان سەرکۆنەکرد لەوانەش، کاتالین نۆڤاک، سهرۆكی ههنگاریا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، ئیلینا ڤالتۆنن، وەزیری دەرەوەی فینلەند، شێخ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئالسانی، سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، بشر خەساونە، سەرۆک وەزیرانی شانشینی هاشمی ئوردنی و خالید ئەلفالح وەزیری وەبەرهێنانی سعودییە.

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.




