هه‌ردوو سه‌رۆك باسیان له ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه و گفتوگۆكانیان كرد

هەولێر-KDP.info- ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2024/1/17 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له ئۆفیسى خۆى له هه‌ولێر پێشوازى له به‌ڕێز ئالار كاریس سه‌رۆكى كۆمارى ئیستۆنیا و شاندێكى یاوه‌رى كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیرى پێشمه‌رگه ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا خواستى بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى ئیستۆنیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستانیان دووپات كرده‌وه، به‌تایبه‌تى له بوارى بازرگانى و كه‌رتى تایبه‌ت و له‌و بوارنهدا كه هه‌رێمى كوردستان ده‌توانێت سوود له ئه‌زموون و پسپۆڕیى ئیستۆنیا وه‌ربگرێت، وه‌ك بوارى ئایتى و حكوومه‌تى ئه‌له‌كترۆنى و بیناكردنى دامه‌زراوه‌كان.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگیرى و ڕۆڵى ئیستۆنیا له هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش و ئه‌ركى تیمى ڕاوێژكاریى سه‌ربازییان و هاوكارییان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا ده‌ربڕى و هیواى خواست له بواره‌كانى دیكه‌ى سه‌ربازیدا هاوكاریى پێشمه‌رگه بكه‌ن.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك كاریس خۆشحاڵیى خۆى به یه‌كه‌م سه‌ردانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى تیمى سه‌ربازیى وڵاته‌كه‌ى له هه‌رێمى كوردستان نیشان دا، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ى ئاماده‌یه له هه‌موو بواره‌كاندا، زیاتر بره‌و به په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاریى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا بدات.
له ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دۆخى سیاسى و ئه‌منیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هێرشى سه‌ر هه‌ولێر، شه‌ڕ له غه‌ززه و دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، شه‌ڕ له ئۆكرایینا و لێكه‌وته‌كانى، تاوتوێ كران.
پاشان هه‌ردوو سه‌رۆك له لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیى هاوبه‌شدا، باسیان له ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه و گفتوگۆكانیان كرد.
سه‌ره‌تا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى گوتى:
به‌خێر بێن..
زۆر خۆشحاڵم كه ئه‌مڕۆ له هه‌ولێر پێشوازى له جه‌نابى سه‌رۆك (كاریس) ده‌كه‌م. به گه‌رمى به‌خێرهاتنى جه‌نابیان ده‌كه‌م بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، جێى خۆشحاڵى و پێزانینه كه له یه‌كه‌م سه‌ردانیدا بۆ عێراق، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیش ده‌كات، دواى ئه‌وه‌ى هاوینى ڕابردوو به‌ڕێز وه‌زیرى به‌رگرییان هاته هه‌ولێر.
كۆبوونه‌وه‌یه‌كى باشمان له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رۆك هه‌بوو ئه‌مڕۆ. باسمان له بره‌ودان به په‌یوه‌ندیی ئیستۆنیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دهرفهتهكانى هاریكاریى هاوبه‌ش و گرنگیى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى له ناوچه‌كه كرد. هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌ولێر، پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه، دۆخى مرۆیى له غه‌ززه و شه‌ڕ له ئۆكراینا، بیروڕامان ئاڵوگۆڕ كرد.
سوپاس و پێزانینمان بۆ گه‌ل و حكوومه‌تى ئیستۆنیا دووپات كرده‌وه كه له چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش، هاوكاریى عێراق و هه‌رێمى كوردستانیان كردووه. ئێستاش هێزێكى سه‌ربازییان له هه‌رێمى كوردستان له ئه‌ركدان و ڕاوێژ و یارمه‌تى پێشكه‌ش به پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن، سوپاس و ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌ین.
جگه له هاوبه‌شیمان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ده‌مارگیرى وتوندڕه‌وى، ئێمه له هه‌رێمى كوردستان خوازیارین له پسپۆڕى و ئه‌زموونى سه‌ركه‌وتووى ئیستۆنیا له چه‌ند بوارێكدا سوود وه‌ربگرین. وه‌ك: بوارى ئاى تى و حكوومه‌تى ئه‌له‌كترۆنى كه ئه‌وان له‌م بواره‌دا پێشه‌نگن.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كاتى خۆى چه‌ند جارێك شاندى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانی ئیستۆنیای كردووه، هه‌روه‌ها له بوارى شه‌فافیه‌ت و بیناكردنى دامه‌زراوه‌كان و له هه‌ر بوارێكى دیكه‌دا كه ئێمه بتوانین سوود له ئه‌زموونى ئه‌وان وه‌ربگرین.
لێره‌دا دووباره زۆر سوپاسی جه‌نابى سه‌رۆك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌م هاتنه‌ی. هاتنیان نیشانه‌ى بایه‌خدان و پشتگیرییه له عێراق و له هه‌رێمى كوردستان و بۆ ئێمه گرنگه. هیوادارم بتوانین له هه‌موو ئاست و بواره‌كاندا، بره‌و به په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاریى هاوبه‌شى داهاتوومان بده‌ین.
دیسانه‌وه جه‌نابی سه‌رۆك به خێر بێی.
زۆر سوپاس..
پاشان له لێدوانه‌كه‌یدا سه‌رۆك ئالار كاریس گوتى:
جه‌نابى سه‌رۆك، سوپاس بۆ پێشوازیى گەرم و میوانداریتان، سوپاس بۆ گفتوگۆى ورد و ڕاشکاوانه‌مان. شانازییەکی گەورەیە کە یەکەم سەرۆکی ئیستۆنیا بم سەردانێکی فەرمی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق بکات.
خۆشحاڵم کە شانسێكی كه‌سیم هه‌بوو ئەو گۆڕانکارییە ئەرێنییە مهزنانهى گەلی کوردستان ببینم ئه‌وانه‌ى لە بواری سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا کردوویەتی. هەندێ له دینامیکییهكان زۆر ئەرێنین، وەک پەرەپێدانی فرەیی لە ژیانی سیاسی‌دا.
لە په‌یوه‌ندیى دوولایهنهشدا، بە خۆشحاڵییەوە ئاماژە بەوە دەکەم کە ئێمە لە بواری دیجیتاڵکردندا هاوکارییەکی باشمان هەیە. هیوادارم لە داهاتوودا بتوانین ئەم هاوكارییه بۆ بوارەکانی دیكه‌ش فراوان بکەین.
هەروەها لە پرسە ئەمنییەکاندا هاوکارین. ئیستۆنیا بە درێژاییی ساڵان چالاکانە بەشداری لە ڕێكارى نێودەوڵەتیی جۆراوجۆردا کردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات.
سەربازەکانمان لێره لە هەولێرن، ستایشی میوانداری و میهرەبانیی خەڵکی ناوچەکە دەکەن. سوپاس جەنابی سەرۆک بۆ میوانداریکردنیان. ئێمە لێرەین بۆ پشتگیری و یارمەتیدانتان، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەوەى هه‌یه زیاتر ئاوەدان و ئارامتر بێت و گەشە بکات.
هۆکاری دیكه‌ى گرنگ بۆ هاتنمان ئەوەیە کە ئێمە خوازیارین له جیهاندا ئاشتى هه‌بێت، هه‌روه‌ها بۆ ئێمە دیموکراسی و ئازادی زۆر بایه‌خدارن، ئه‌وانه ئه‌و به‌هایانه‌ن کە هەوڵ ده‌ده‌ین به‌دیبێن و بپارێزرێن.
ئیستۆنیا بە توندی هەموو جۆرە ئەگەرێكى تیرۆر سه‌ركۆنه دەکات، چونکە مەترسییەکی گه‌وره‌یه بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی. ئێمە لەگەڵ هەموو هاوپەیمانەکانمان لە شەڕی دژی تیرۆردا پێکەوە وەستاوین، هەروەها بە توندی سه‌ركۆنه‌ى هێرشە بەردەوامەکانی سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکەم و سەرەخۆشیی قووڵم بۆ خەڵکی ناوچەکە کە لە هێرشی دوێنێدا لێرە لە هەولێر خۆشه‌ویستانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ ئاڵنگارییه‌كانى چۆنیه‌تیى مامەڵەکردنمان لەگەڵ بارودۆخى ئەمنیی ئاڵۆزدا تاوتوێ كرد كه چ لە ئەوروپا و چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، له ئارادان. بارودۆخی غەززە بۆ ئێمە مایه‌ى نیگەرانییەکی گەورەیە، پشتیوانی له هەموو هەوڵێك دەکەین بۆ چارەسەركردنی ئاشتیانەی ئەم ململانێیە.
هەروەها باسمان لە دەستدرێژیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کرد. ئیستۆنیا دڵنیایە ئەگەر ڕێگە بدەین دەستدرێژکار ئامانجه‌كانى بپێكێت، ئه‌وه ده‌بێته هانده‌ر بۆ هەموو دەوڵەتە شەڕانگێزەکانی دیکە بۆ ئه‌وه‌ى كار بۆ به‌دیهێنانى ئامانجە ئیمپریالیستەکانیان بكه‌ن.
ناتوانین ڕێگە بدەین ئەمە ڕووبدات، ناتوانین ڕێگە بە هیچ دەوڵەتێک بدەین بنەماکانی سستمى نێودەوڵەتی تێکبدات. بۆیە ده‌بێ هەموو وڵاتانی دیموکراسی و ئازادیخواز، پێکەوە کار بکەن بۆ پاراستنی جیهانێک كه هەمووان تیایدا بتوانن سەرفراز بن و بە ئارامی بژین.
جەنابی سەرۆک، دووباره زۆر سوپاس بۆ گفتوگۆى ڕاشکاوانە و بۆ ئەو میواندارییە گەرمەی له خۆم و شاندەکەم کرا. هیوای ئارامی و سەرفرازیتان بۆ دەخوازم!




