٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆ

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_ بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە ھەرێمی کوردستان گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لە ھەوڵدایە بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆ و ئێستا بەنیازین گرێبەست لەگەڵ حکوومەتی عێراق بکەین بۆ فرۆشتنی  ھێلکە، جگە لەوەش ئامادەکاری دەکرێت ھێلکە و مریشکی کوردستان ھەناردەی وڵاتانی ئیمارات و ئوردن بکرێت.

فیراس سدیق ، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پێش دوو ڕۆژ کۆبوونەوەیەکی دیکەمان ئەنجامدا بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانی بۆ بەبازاڕکردنی بەرھەمی پەلەوەر لە ھەرێمی کوردستان کە وەزارەتی بازرگانی عێراق بەنیازە گرێبەستێک ئەنجام بدات لە دەرەوە بۆ کرینی ھێلکە و دابەشی سەر ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانی بکات، ئێمە بەرھەممان ھەیە و کار دەکەین بۆ ئەوەی لەجیاتی ئەوەی گرێبەست لەگەڵ وڵاتێکی دیکە بکەن بێن لە گەڵ ھەرێمی کوردستان گرێبەست بکەن و ھێلکەی ھەرێمی کوردستان بکڕن، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت و لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق گفتوگۆ بکات بۆ ئەوەی گرێبەستیان لەگەڵ ئەنجام بدەن، جگە لەوەش بگەینە ڕێککەوتنێکی ھەمیشەیی و بەردەوام ھێلکەی ھەرێمی کوردستان بکڕن لەجیاتی ھاوردە لە وڵاتان.

فیراس سدیق گوتیشی: جگە لەوەش ئامادەکارییەکان بەردەوامن و ئێستا لەقۆناغی کۆکردنەوەی ئامار و داتاکانین بۆ ئەوەی ھێلکە و مریشک بەو جۆرە ئامادە بکرێت کە وڵاتان دەیانەوێت بۆ ئەوەی دەست بە ھەناردەکردنی بکرێت، چونکە ئێستا دوو وڵات ئامادن بۆ ئەوەی بەرھەمی ھێلکە و مریشکیان بۆ بنێرین، ئەوانیش وڵاتی ئیمارات و ئوردنن، ھەر وڵاتێکی دیکەش ھەبێت بۆی ھەناردە دەکەین.
سدیق ڕوونیشی کردەوە: ئێستا ۆژانە ١٥ھەزار و ٥٠٠ کارتۆن ھێلکە لە ھەرێمی کوردستان بەرھەم دێت و پێداویستی ئێمە ٧ھەزار کارتۆنە و بۆ مریشکیش ٢٨٠ھەزار تەن ساڵانە بەرھەم دێت پێداویستی ناوخۆ١٤٧ھەزار تەنە.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار