٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کەمال ئاغا: سێ ھەزار وەبەرھێنەر و کۆمپانیا بەشدارن لە کۆڕبەندی داڤۆس

سەرچاوە: KDP.info

جێگری سەرۆکی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان لە شاری داڤۆسەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەمساڵ سێ ھەزار وەبەرھێنەر و کۆمپانیای جیھان بەشدارن لە کۆڕبەندی داڤۆس و دەشڵێ: وەبەرھێنەرانی کوردستان دەیانەوێ سوود لەو دەرفەتە وەرگرن بۆ ئەوەی وەبەرھێنەرانی بیانی بێنە ھەرێمی کوردستان.

کەمال ئاغا، جێگری سەرۆکی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئێمە وەک یەکێتی وەبەرھێنەران لەگەڵ شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشداربووینە لە ٥٤ مین کۆڕبەندی داڤۆس، بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئەمساڵی شاری داڤۆس جێگەی بایەخە بۆ وەبەرھێنەران، لە کۆڕبەندی ئەمساڵدا وەبەرھێنەرانی کوردستان ناونیشانیان ھەیە تا بتوانین لەو ڕێگەیەوە پەیوەندییەکی ئابووری لەگەڵ سەرمایەدار و وەبەرھێنەری بیانی دروست بکەین.

جێگری سەرۆکی وەبەرھێنەران گوتیشی: لە کۆڕبەندی ئەمساڵدا سێ ھەزار وەبەرھێنەر و گەورە بازرگان لە سەد وڵاتی جیھان بەشداربوونە، ئەم کۆڕبەندە لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە گرینگە و ئامانجمان لە بەشداری کردن پتەوکردنی پەیوەندییە لەگەڵ وەبەرھێنەرانی جیھان، بەتایبەتی یاسای وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا جیھانییەکان بناسێنین تا ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەنجامدانی وەبەرھێنان.

کەمال ئاغا ڕوونیکردەوە: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتی سەرەکی کەرتی وەبەرھێنانە و ھاوکارە لەگەڵ وەبەرھێنەران، لەبەر ئەوەیش بۆ ئێمەی وەبەرھێنەر پێگەی سەرۆکی حکوومەت گرینگە، ئێمە سەردانی چەندین وڵات دەکەین بۆ پەیداکردنی پەیوەندی و لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەبەرھێنەرانی جیھان بۆ ئەوەی زانیاری بدەینە وەبەرھێنەران لەبارەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی وەبەرھێنان.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار