راگەیەنراوێك لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە

هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت، هەندێك داودەزگای سەربە ئێران، بە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و وێنەی ساختە و ناپیێوەندیدار، دەستیان بە چەواشەكاری كردووە تا پاساو بۆ كردارە دڕندانەكەیان بێننەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممه، لە راگەیەنراوێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، دوای ئەو هێرشە مووشەكییە ترسنۆكانەی سەر هەولێر و كاردانەوەی توندی حكوومەتی فیدراڵ لە سەركۆنەكردن و پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە، هەندێ داودەزگای سەربە ئێران بە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و وێنەی ساختە و ناپێوەندیدار، دەستیان بە چەواشەكاری كردووە تا پاساو بۆ كردارە دڕندانەكەیان بێننەوە.
باس لەوەش كراوە، داودەزگاكانی هەرێم هەموو هاوكارییەكی ئەو لیژنەیە دەكەن كە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵی پێكهاتووە، زۆر ئاشكرایە كە ئەم هێرشە خەڵكی سڤیلی هەرێمی كوردستانی كردووەتە ئامانج و ئەم هەوڵانەش ناتوانن ئاراستەی ڕای گشتیی تووڕەی هەرێم و عێراق لە بەرانبەر ئەو تاوان و پێشێلكارییە بگۆڕن.
روون كراوەتەوە، هەرێمی كوردستان پابەندی دەستوور و یاساكانی عێراق و هەرێمە، ئەو بەشەی هێزی هاوپەیمانانیش كە لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، بە ئاگاداری و رەزامەندیی حكوومەتی فیدراڵییە.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، پێویستە لە ئاستی ناوخۆی عێراق و لە ئاستی نێوەدەوڵەتیش هەنگاوی ڕژد بنرێت، تا سەروەریی عێراق و هەرێم بپارێزرێت و هاووڵاتییانمان لە مەترسیی ململانێ ناوچەییەكان بپارێزین.




